ل ڤێتنام جۆرهكێ نوو ێی کۆرۆنا يێ گهۆرى دئێته ديتن
رووداو دیجیتاڵ
میدیای ڤێتنام زانیاریی لەبارەی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوکردەوە، وەزیری تەندروستیی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاویان دۆزیوەتەوە کە تێکەڵەیەکە لە کۆرۆنای گۆڕاوی هیندی و بەریتانی.
دوای ئەوەی کە ڤێتنام توانیی لە ساڵی رابردوودا ڤایرۆسی کۆرۆنا تا رادەیەکی باش کۆنتڕۆڵ بکات، ئێستا دووبارە لەگەڵ دەرکەوتنی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە لە ململانێدایە، چونکە بەخێرایی دەگوزارێتەوە.
پەتای کۆرۆنا زیاتر لە ساڵێکە هەموو جیهانی سەرقاڵی خۆی کردووە، بەشێک لە زاناکان دۆزینەوەی ڤاکسینیان وەکو تەنیا ئومێدیان بۆ رێگریکردن لە پەتاکە دەبینی، بەڵام دەرکەوتنی جۆرە نوێیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناوە ناوە ئەو ترسە دەخاتە دڵی زانا و بەرپرسە تەندروستییەکان.
سەرەتا سەرهەڵدانی جۆری نوێی کۆرۆنا لە بەریتانیا بوو، ئەو کات بەشێک لە وڵاتەکان بەخێرایی سنوورەکانیان بەڕووی ئەو وڵاتەدا داخست. لە ماوەکانی رابردووش هیندستان گیرۆدەی جۆرێکی نوێی کۆرۆنا بووە کە وڵاتەکەی تووشی قەیرانێکی قووڵی تەندروستی کردووە، بەشێوەیەک کە قەرەباڵخی لە شوێنی سووتاندنی تەرمەکانیان لە میدیاکان دەنگدانەوەی هەبوو.
نزیکەی 3 هەزار و 600 کەس لە 31 شار و شارۆچکەی ڤێتنام لە کۆتایی نیسانەوە تووشی کۆرۆنا بوون. بە گوێرەی نگوێن تان لۆنگ، وەزیری تەندروستیی ڤێتنام، دوای ئەنجامدانی پشکنین بۆ زنجیرەی بۆماوەیی ڤایرۆسەکە، بۆیان دەرکەوتووە کە جۆرە ڤێتنامییەکە لە تێکەڵەیەکی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاوی هیندی و بەریتانی پێکهاتووە.
پێشتر 7 جۆر ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە ڤێتنام تۆمارکرابوون، لە نێویشیاندا جۆری هیندی و بەریتانی. وەزیری تەندروستیی ڤێتنام دەڵێت، ئەو جۆرە کۆرۆنا گۆڕاوەی کە لە وڵاتەکەیدا دۆزراوەتەوە خێراتر لەوانی دیکە دەگوازرێتەوە.
لە سەرەتای دەرکەوتنی کۆرۆناوە، لەو وڵاتەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، 6 هەزار و 396 تووشبوو تۆمارکراون و 47یان گیانیان لەدەستداوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
