بهرهڤانييا باژێرى: ئەو تهرمێ ل لههيێن دهۆکێ دا هندبووى، هاته ديتن
هەولێر دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانی دهۆک رایگەیاند “ئەو تەرمەی لە لافاوەکەی دهۆک ون ببوو، دوای 17 رۆژ دۆزرایەوە. سەبارەت بە تەرمی سێیەمیش لە گەڕان بەردەوامین.”
ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی 4ی 2024، بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دۆزینەوە تەرمەکەوە رایگەیاند “بەهۆی تیژڕۆیی ئاوەکەوە نزیکەی 4 کیلۆمەتر بردوویەتی؛ لەبەر بوونی داروپەردووی پاشماوەی لافاوەکەوە، دۆزینەوەی ئەو تەرمە بۆ کارمەندانمان ئەستەم بوو.”
بێوار عەبدولعەزیز روونیکردەوە “دوای 17 رۆژ گەڕان و پشکنین، خۆشبەختانە ئەو تەرمە دۆزراوە. ئەمە دۆزینەوەی دووەم تەرمە لەو رووداوە.”
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دهۆک دووپاتی کردەوە “سەبارەت بە تەرمی سێیەم، ئێمە لە پشکینین و گەڕان بەردەوامین؛ بەڵام تاوەکو ئێستاش دڵنیا نین کە ئایا خنکاوە، یان بزربووە، چونکە هیچ بەڵگەیەک نییە کە خنکابێت، بۆیە تیمەکانمان ئێستا لە بەنداوی موسڵ درێژە بە گەڕان دەدەن تاوەکو دەگەنە ئەنجامێک.”
رۆژی 19-03-2024، شەپۆلێکی بارانبارین و لافاو سنووری پارێزگای دهۆکی گرتەوە و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و زیانێکی زۆری مادی بە سنووری پارێزگای دهۆک هەروەها ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش گەیشت.
ئەو تەرمەی کە دۆزراوەتەوە ناوی عومەر مەحموودە، 28ـی ئاداریش تەرمی برازایەکی دۆزرایەوە کە بەیەکەوە خنکابوون.
ژوورى ئۆپەراسیۆن و بەڕێوەبردنى قەیران و کارەساتی هەرێمی کوردستان ئامارێکی لەبارەی ئەو لافاوە بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بەوە کرا، سێ کەس گیانیان لەدەستدا، 11 کەس بریندار بوون و 120 کەسیش لە لافاوەکە رزگار کران. 160 خانوو و 50 ئۆتۆمبێل لە دهۆک زیانیان بەرکەوتووە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی