گۆڤارهكا ژنان کار ل سەر ژن و ئاوارەيێ ل کوردستان دکت
رووداو – هەولێر 
گۆڤاری ژن مەگەزین گۆڤارێکە گرنگی بە رۆڵی ژنان لە کوردستان دەدات و لەنێوترین ژمارەیدا، باس لە ژن و ئاوارەیی دەکات لە هەرێمی کوردستان.
ئەم گۆڤارە لە 64 لاپەڕە پێکهاتووە و تەرخانکراوە بۆ رۆڵی ژنان لە هەرێمی کوردستان، لەنێو بابەتەکانیش باسی ئەو ژنە ئاوارانە دەکات کە ئاوارەی کەمپەکانی باشووری کوردستان بوون و بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارەی ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان بوون.
ئاڵا لەتیف، سەرنووسەری گۆڤاری ژن مەگەزین سەبارەت بە ژمارەی ئەمجارەی گۆڤارەکەیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “لە ژمارە 21ی گۆڤاری ژن مەگەزین، کە سەرەتای ئەم مانگە کەوتە بەر دیدی خوێنەران، باسی کۆمەڵێک بابەتی جیاواز کراوە کە تایبەتە بە ژن و ئاوارەیی لە باشووری کوردستان”.
ئەو پێیوایە “لەناو کەمپەکاندا جگە لە کارەسات، دەستکەوت و هەستانەوە و چیرۆکی هیوابەخشی زۆر هەن بۆ ژنان کە پێویستییان بە چاوێکی دیکە هەیە بۆئەوەی وردەکارییەکانی ببینێ، چاوێکی گەشبین کە تەنها دیوی تراژیدی و مەینەتییەکانی ژیانی ژنانی ئاوارە نابینێ”.
سەرنووسەری گۆڤاری ژن مەگەزین باسی چەند نموونەیەک دەکات کە جێگەی دڵخۆشییە لەنێو کەمپەکاندا و دەڵێت “لە هەموو ئەو کەمپانەی تێبینیم کرد، چیدی ژن تەنها لە ناو خێمەکاندا نەماونەتەوە بۆ بەڕێوەبردنی ماڵ، بەڵکو گرنگی بە خوێندن و خۆ پەروەردەکردن و رێکخستن و بەڕێوەبردن دەدەن، لەسەر هەموو پرسە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ماف و ئازادییەکانی خۆشیان قسەیان هەیە”.
بەشێکی دیکەی گۆڤارەکە لە رێگەی فۆتۆستۆرییەوە ژیانی خێزانێکی ئاوارە لە کەمپێکی سلێمانی دەخاتەڕوو، کە لە دایکێک بەناوی (رەنا) لەگەڵ چوار منداڵ پێکهاتوون و لە سووریاوە ئاوارەی باشووری کوردستان بوون و بە تەباشیر لەسەر دیوارەکان ژیانی خۆیان پیشان دەدەن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
