پشتى هناران سالا داهاتى ترى و سێڤ و هنگڤینێ کوردستانێ دێ ئێته هنارتن
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێک لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کارەکانیان بۆ زیادکردنی هەناردەکردنی بەرهەمی نێوخۆ بەردەوامن و ساڵی داهاتوو ترێ، سێو و هەنگوینیش هەناردە دەکەن.
زیاتر لە مانگێکە هەناری هەڵەبجە و زاخۆ هەناردە دەکرێت. رۆژی یەکشەممە 18-12-2022، جەلیل ساڵەیی، راوێژکاری پێشکەوتوو لە بەشی پڕۆژە ستراتیژییەکان لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە هاوکات سەرپەرشتیاری دەستپێشخەری هەناردەکردنی هەنارە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “پڕۆژەی هەناردەکردنی هەنار بەردەوامە و نزیکەی نیوەی هەناری ئامادەکراو بۆ هەناردەکردن هەناردەکراوە.”
هەرێمی کوردستان 2 هەزار تۆن هەناری “زۆر باش”ی ئامادەکردووە بۆ هەناردەکردن. جەلیل ساڵەیی گوتی، بەگوێرەی داواکاریی وڵاتان، توانای 2 هەزار تۆن هەناردەکردنی هەنار بۆ ئەمساڵ هەیە و گوتیشی، ئەو هەنارەی هەناردەی دەکەن 70%ـی هەناری هەڵەبجەیە و 30%ی هەناری زاخۆیە.
راوێژکارەکەی بەشی پڕۆژە ستراتیژییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، ساڵی داهاتوو سێ بەرهەمی دیکەی جووتیار و باخەوانان (سێو، ترێ و هەنگوین) هەناردە دەکەن.
جەلیل ساڵەیی باسی لەوەش کرد، پڕۆژەی هەناردەکردنی هەنار سوودی بۆ بەشێکی باخەوانان هەبووە و گوتیشی: “ساڵانی پێشوو یەکێک لە کێشەکانی جووتیاران و باخەوانان چۆنیەتی ساخکردنەوەی بەرهەم بوو و پێش پێگەیشتنی نەیاندەزانی چۆن بەرهەمەکەیان ساخ بکەنەوە. ئێستا هەنارەکە بە دارەکەوە بووە جووتیار پارەی خۆی وەرگرتووە. ئەم پڕۆژەیە خاوەنی نزیکەی 100 باخ لێی سوودمەندبوون.”
ئەو وڵاتانەی هەناری کوردستانیان بۆ نێردراوە، ئیمارات، قەتەر و رووسیان.
راوێژکارەکەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، دوای تەواوبوونی هەناردەکردنی هەنار، لەسەر پڕۆژەکە 12 خاڵ ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ برەودان بە هەناردەکردن، لە یەکێک لە خاڵەکاندا داوای زیاتر هەوڵدان بۆ راکێشانی وەبەرهێنی بیانی دەکەن، بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان و لە بەرهەمهێنان، ئامادەکردنی ساردخانە و پێداویستییەکانی کۆکردنەوە و هەناردەکردندا هاوکاریی جووتیاران و باخەوانانی هەرێمی کوردستان بکەن.
رۆژی 2-12-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وێنەی بارهەڵگرێکی بڵاوکردەوە کە وێنەی هەناری لەسەربوو لەسەری نووسرابوو “هەناری کوردستان” و وەکو ئاماژەیەکیش بۆ هەناردەکردنی هەنارەکە نووسیبوی: “بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی