ئيڕۆ 121مین ساڵڕۆژا ژدایکبوونا ڕێبه‌رێ بزاڤا ڕزگاریخوازا گەلێ كوردستانێ يه
ھەولێر-KDP.info-
رۆژى 14ى ئادار له مێژووى كوردستاندا شوێنێكى تایبه‌تى هه‌یه. لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا واتە لە 14ـی ئاداری ساڵی 1903 مەلا مستەفا بارزانی، رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازى گەلی كوردستان لە دایک بوو.
بەم بۆنەیەوە، ساڵانە خه‌ڵكى كوردستان به‌جیاوازى بیروڕا و نه‌ته‌وه و ئایینه‌وه رێوڕه‌سمى جۆراوجۆر به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن هه‌ر بۆیه ئه‌نجوومه‌نى نیشتیمانى كوردستانیش ئه‌و رۆژه‌ى كردووەته پشووى فه‌رمی.
مەلا مستەفا بارزانى، هه‌ر له‌و رۆژەی هاتووەته ژیانه‌وه چاوى به ئازار و ژانى گەلەكەی و نه‌به‌ردى و نهسرهوتنى پیاوه مه‌زنه‌كانى ماڵباته‌كه‌ى هه‌ڵهێناوه. له ته‌مه‌نێكى زووه‌وه و ئه‌و كاته‌ى سه‌ركرده‌یه‌كى وه‌كو شێخ عه‌بدولسه‌لامى بارزانى سه‌ركردایه‌تى بزووتنەوەی رزگاریخوازى گەلی كوردستانی كردووه، بارزانى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانى ماڵباتهكهیدا زیندانی كراوه.
ئه‌وكاته‌شى شێخ ئه‌حمه‌دى بارزانى، له پێناوى ئازادى كوردستاندا درێژه‌ى به خه‌بات و تێكۆشان داوه، له‌ژێر سه‌ركردایه‌تیی مەلا مسته‌فا بارزانى ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ى ره‌وانه‌ى باكووری كوردستان كرد و له‌وێ به مه‌به‌ستى هه‌ماهه‌نگى چاوى به شێخ عه‌بدولقادرى نه‌هرى و شێخ سه‌عیدى پیران كه‌وتووه.
كاتێكیش له ساڵی 1919 شێخ مه‌حمودى حه‌فید له ناوچه‌كانى سلێمانى شۆڕشى به‌رپا كرد، بارزانى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى كرد كه به مه‌به‌ستى هاریكارىكردنى شێخ به‌ره‌و سلێمانى چوون.
له شۆڕشەكانی بارزاندا، مەلا مستەفا بارزانى رۆڵى فه‌رمانده‌یەكی دیارى هه‌بووه و لە ساڵانى 1943 و 1945یشدا سه‌ركردایه‌تى شۆڕشی كردووه، دواتریش له كۆمارى كوردستان له مه‌هاباد رۆڵێكى جوامێرانه‌ى هه‌بوو كاتێك بۆ پاڵپشتیكردن لە كۆمار لە باشووری كوردستانەوە بە پۆلێك پێشمەرگەوە روویان لە رۆژھەڵاتی كوردستان كرد.
مستەفا بارزانی، سه‌ركرده‌ى یه‌كێك له‌و رێرەوە مه‌زنانه‌یه كه له مێژووى خه‌باتى ئازادیخوازاندا به رێڕەویی مێژوویی په‌ڕینه‌وه له رووبار‌ى ئاراس ناسراوه، پاش گه‌یشتن به یه‌كێتى سۆڤییه‌تى جاران، بارزانى به یاوه‌رى 500 پێشمه‌رگه بۆ ماوه‌ى نزیكەی 12 ساڵ له یه‌كێتى سۆڤییه‌تى جاران مایه‌وه.
له 11ى ئه‌یلولى 1961 مه‌زنترین شۆڕشى كوردستانى له‌سه‌ده‌ى بیسته‌مدا به‌رپاكرد و توانى رژێمى به‌عسی عێراق ناچار بكات دان به بەشێك لە مافه ره‌واكانى گه‌لى كوردستاندا بنێت و به‌وه‌ش بزووتنەوەی رزگاریخوازى گەلی كوردستانى برده قۆناغێكى نوێوه.
مەلا مستەفای بارزانی لە دوای ساڵی 1975 تووشی نەخۆشی دەبێت، بۆیە بە مەبەستی چارەسەرکردن دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام لە ساڵی 1979 کۆچی دوایی دەکات، دواتر تەرمەکەی بۆ کوردستانی ڕۆژھەڵات دەگەڕێننەوە و لە ناوچەی شنۆ بە شێوەیەکی کاتی بەخاک دەسپێردرێت، دوای ڕاپەڕین لە ڕێوڕەسمێکی گەورەدا ڕوفاتەکەی بۆ ناوچەی بارزان گەڕێندرایەوە.
ئێستا مەزارگەی مەلا مستەفا بارزانی بووەتە شوێنێک کە ھەموو ساڵێک لە ساڵیادی کۆچی دواییکردنیدا نیشتمانپەروەرانی کورد لە تەواوی ناوچەکانی کوردستانەوە وەک نەریتێکی ساڵانە ڕوو لە دەڤەر و گوندی بارزان دەکەن. ڕۆژانە قوتابییان، مامۆستایان، ڕۆشنبیران، پێشمەرگە، ئافرەتان و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان وەک ڕێزگرتنێک لە خەباتی چەندان ساڵەی مەلا مستەفا بارزانی دەچنە سەر مەزارەکەی و نزای خێر و خۆشی بۆ نیشتمان دەکەن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی