نووترین ئامارا رزگاربوويێن ئێزدی ژ دەستێ داعش هاته راگەهاندن
وشه:
بەگوێرەی ئامارێكی نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوە ئێزیدییەكان، لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا زیاتر لە 20 رفێنراوی ئێزیدی بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوەی توركیا، دۆزراونەتەوە و گەڕێنراونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
سەرچاوەیەك لە نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوە ئێزیدییەكانی سەر بە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بە “وشە” رای گەیاند، لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا لە توركیا گەڕانێكی زۆر بۆ رفێنراوە ئێزیدییەكان كراوە و لە دەرئەنجامدا توانراوە زیاتر لە 20 رفێنراو ئازاد بكرێن.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە دا لەو 20 رفێنراوە، پێنجیان كوڕن و ئەوانی تریش كچن، كە بەشی زۆریان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵیدایە. گوتی “تەنانەت زمانی دایكیان لە بیر چووەتەوە”.
بەپێی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوە ئێزیدییەكان، ژمارەی رفێنراوەكانی ئێزیدی دەستی داعش شەش هەزار و 417 كەس بوون، لەم ژمارەیەدا سێ هەزار و 548یان مێ و دوو هەزار و 869یان نێرینە بوونە.
هەر بەپێی ئامارەكان تا ئێستە سێ هەزار و 300یان ئازاد كراون كە هەزار و 150یان كچن و 337یان كوڕ و 946یان مناڵی كچ و 867یان مناڵی كوڕن.
نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوەكان روونی دەكەنەوە، ئێستە سێ هەزار 117 رفێنراو ماونەتەوە ئازاد بكرێن كە هەزار و 452یان لە رەگەزی مێینەن و هەزار و 665یش لە رەگەزی نێرینەن.
جێی باسە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 داعش مووسڵی داگیر كرد و پاشانیش رووی بەرەو هەرێمی كوردستان وەرگێڕا و شنگال و دەڤەری ئێزیدییەكانی داگیر كرد كە ژمارەیان نزیك بە 500 هەزار كەس دەبن، وێڕای ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی و جینۆساید دژ بە ئێزیدییەكان كە زیاتر لە 30 گۆڕی بە كۆمەڵ لە دەڤەری ئێزیدییان هەیە، ئەوا هەزاران ژن و پیاوی ئێزیدییان رفاند و ژنانیان وەك دەستكەوتی شەڕ، كڕین و فرۆشتنیان پێ دەكرد، دوای رزگاركرنی ناوچەكە لە مانگی كانوونی یەكەمی 2014، نێچیرڤان بارزانی نووسینگەیەكی تایبەتی بۆ رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی دامەزراند، دوای رزگاركردنی مووسڵیش لە ئۆكتۆبەری 2017، داعش زۆرینەی ئێزیدییەكانی لەگەڵ خۆیدا بەرەو سووریا بردبوون.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
