كوردێن ئێزدی ل ئیسرائیلێ كۆرسێ چارەسەريا دەروونی وەردگرن
رووداو- هەولێر
بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل و رێكخراوێكی خێرخوازی بەریتانی، گروپێك لە كوردە ئێزدییەكانی باشووری كوردستان سەردانی ئیسرائیلیان كرد تاوەكو كۆرسی چارەسەری دەروونی وەربگرن. ئامانج لە كۆرسەكە ئەوەیە ئەم گروپە بتوانن بە كۆمەڵێك تەكنیكی تایبەت، جارێكی دیكە بزە بگەڕێننەوە سەر لێوەكانی منداڵە ئێزدییەكان.
بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی (تایمز)ی ئیسرائیلی گروپە ئێزدییەكە لەو سەردانەدا كۆرسێكی تایبەتیان وەرگرتووە كە بە “مێدیكاڵ كڵاونینگ” ناسراوە و ئامانجەكەشی ئەوەیە خەندە بخەنەوە سەر لێوی منداڵە ئاوارە ئێزدییەكان لە كاتێكدا ژمارەیەكی زۆر لە منداڵ و خێزانە ئێزدییەكان لەدوای هێرشەكانی 2014 ی داعشەوە بەدەست ترس و دڵەڕاوكێوە دەناڵێنن.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكی رۆژی یەكشەممەیدا رایگەیاند كە ئەم كۆرسە بە هاریكاریی رێكخراوی (Dram Doctors)ی بەریتانی و رێكخراوی خێرخوازیی (رێگا بەرەو ئاشتی)ی بەریتانی و نەخۆشخانەی حەداسە لە ئورشەلیم و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رێكخراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە “بەشداربووانی كۆرسەكە راهێنانی تایبەتیان وەرگرت و بە ئامراز و تەكنیكی نوێ ئیسرائیلیان جێهێشت، تاوەكو بزە بخەنەوە سەر لێوی ئەو خەڵكانەی لە ناوچە جەنگییەكان دەژین، بێ ئەوەی بایەخ بە جیاوازی ئەتنیكی، ئایینی و رەگەزییان بدەن”.
رێكخراوی (رێگا بەرەو ئاشتی) كە ئاسانكارییەكی زۆری بۆ ئەو گەشتە كردبوو، لە ساڵی 2014 دامەزراوە. ئەو رێكخراوە كار دەكات بۆ ئەوەی دۆستایەتی لە نێوان خەڵكی نیشتەجێی ناوچەكانی شەڕدا دروستبكەن و لەلایەكی دیكەوە بۆ چارەسەری پزیشكی منداڵە نەخۆش و بریندارەكان هاوكاری خەڵكی ناوچەكان دەكەن.
ئەو رێكخراوە بەمدواییە بنكەیەكی چارەسەری منداڵانی لە ناوچەی شنگال دامەزراندووە كە سەڵی بێكەر، بەڕێوەی دەبات. بێكەر خۆبەخشێكی هاوكارییە مرۆییەكان و بە ڕەچەڵەك جووە. گروپەكە لە نێو نەخۆشخانەی شنگال بنكەیەكی فریاكەوتنیان كردووەتەوە، بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەو بنكەیەوە هەم هاریكاریی دارایی بۆ خەڵكی ناوچەكە كۆبكەنەوە و هەمیش ئامێر و كەرستە پزیشكییەكان چاك بكەنەوە.
وەكو لە ماڵپەڕی گروپەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە بەشێك لەكارەكانی ئەو گروپە ئاسانكارییە بۆ گواستنەوەی ئەو نەخۆشانەیە كە لە عێراق و كوردستاندا چارەسەر ناكرێن.
ئەوە یەكەمجار نییە كوردە ئێزدییەكان سەردانی ئیسرائیل بكەن. ساڵی رابردووش نادیا موراد سەردانی پەرلەمانی ئیسرائیلی كرد، تاوەكو لە دۆخی نالەباری ئێزدییەكان ئاگاداریان بكاتەوە و داواشیان لێبكات تاوانەكانی دژی كۆمەڵگەی كوردی ئێزدی لەسەر دەستی چەكدارانی داعش بە جینۆساید بناسێن.
موراد كە باڵیۆزی نیازپاكی نەتەوە یەكگرتووەكانە، بە رۆژنامەی (تایمزی ئیسرائیل)ی گوت “جووەكان و ئێزدییەكان مێژوویەكی هاوبەش لە جینۆسایدمان هەیە كە بووە بە ناسنامەی خەڵكەكەمان، بەڵام كاتی ئەوە هاتووە ئازارەكانمان بگۆڕین بۆ كردار”.
ماڵپەڕی (هەواڵی نیشتمانیی ئیسرائیل) ئاشكرای كردووە ئەو گروپە بۆ ماوەی چەندین رۆژ لە ئیسرائیل ماونەتەوە، بەڵام بۆ خۆدوورگرتن لە جووڵاندنی هەستیاریی سیاسی بە شارەوایی هێشترابووەوە، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق هیچ پەیوەندییەكی فەرمی و نافەرمی لەگەڵ حكومەتی ئیسرائیلدا نییە، بڵابوونەوەی هەواڵی ئەو گەشتە دەكرا كێشە بۆ تیمەكە دروستبكات.
لە كاتی هێرشەكانی داعش بۆ سەر ناوچەی شنگال دەیان هەزار كەس ئاوارەی سەر چیای شنگال بوون، هەزاران كەسیش لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێنران یان كوژران. بە گوێرەی سەرچاوە حكومی و نێودەوڵەتییەكان لە نێوان 3000 بۆ 4000 كەس لە خەڵكی شنگال لەكاتی هێرشەكاندا كوژراون و زیاتر لە 6800 كەسیش رفێنراون، لەو ژمارەیەش یەك لەسەر سێیان تاوەكو ئێستاش بێسەروشوێنن.
دەیان هەزار ئاوارەی كوردی ئێزدی لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستانن و بەهۆی وێرانبوونی ناوچەكەیان یان لە ترسی دانیشتووە عەرەبەكانی ناوچەكەیان ناوێرن بگەڕێنەوە شنگال. ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارە ئێزدییەكانی ئەو كەمپانە بەهۆی ژیان لەژێر دەستی داعش یانیش نیگەرانیی لە دۆخی منداڵە بێ سەروشوێنەكانیان لە دۆخێكی دەروونی سەختدان.
ژمارەیەكی زۆر لەوانەی داعش لە شنگال و دەوروبەری رفاندوونی، ئافرەت و منداڵن كە چارەنووسی هەندێكیان تاوەكو ئێستاش دیار نییە.
دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند “پاش ئەوەی تیرۆریستانی داعش لە 3/8/2014 هێرشیان كردە سەر دەڤەری شنگال و ژمارەیەكی زۆری ئافرەت بوونە قوربانی، لەوانەش رفاندنی ٣٥٤٨ ئافرەت و دەستدرێژی كردنە سەریان”. زێباری راشیگەیاند’ بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی رفێندراوەكان نووسینگەی تایبەتی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رۆژی ٢٥/١١/٢٠١٤لیژنەیەكی تایبەتی دامەزراند وبودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ رزگاركردنیان، دوای گەڕانەوەشیان حكومەت هەموو ئامادەكارییەك دەكات بۆ حەواندنەوەیان و دووبارەگەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگا’.
بە گوتەی زێباری بەهۆی هەوڵە بەردەوامەكانی حكومەت تارۆژی 23/5/2018 توانیویانە 3275 كەس رزگار بكەن لەوانە 1148 ئافرەت و (336) پیاو و (935) كچ و (956) كوڕ ڕزگار كراون، ئەوانەی تائێستا رزگار نەكراون ژمارەیان (3146) كەسە لەوانە (1465) ئافرەت و (1685) پیاو كە لە دەست داعش ماون”.
زێباری ئاماژەی بەوەدا ئەو ئافرەتانەی كە رزگار دەكرێن تووشی جۆرەها رەفتاری دڕندانە و دوور لەهەموو عورف و دابونەریتێكی مرۆڤانە،لە فرۆشتن و كڕین و ئەشكەنجەدانی جەستەیی و دەروونی و گۆڕینی ئایینەوە بگرە تا دەگاتە تاوانی دەستدرێژی سێكسی بوونەتەوە. تاوەكو ئێستاش نزیكەی 100 ئافرەت لەو ئافرەتانەی رزگاركراون، رەوانەی ئەڵمانیا كراون بۆ چارەسەركردن بەتایبەتی لەرووی دەروونییەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
