چالاكڤانهكا ئێزدی:كچێن گرتى ژ دەستێ داعش ڕزگار دبن،بەلێ ئهوێن پەكەكێ گرتين ئازاد ناكهت
باسنيوز:
کچە چالاکوانێکی ئێزدی ئاشکرای دەکات کە چەکدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) ڕەوشی شنگالیان تێک داوە و گەلێک کچی خوار تەمەن ١٨ ساڵییان ڕفاندووە، بە جۆرێک هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ دایک و باوک و کەسوکاریان نەماوە.
دلڤین خەلەف، کچە چالاکوانێکی ئێزدی لە شنگال بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “هاتنی پەکەکە بۆ ناو شنگال، تەنیا بۆ ئەوەیە کە شارەكە بۆ خەڵکەکەی نەمێنێت و هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە کە تورکیا بێتە دەڤەرەکەوە، بەڕاستی شنگال مەیدانی شەڕی پەکەکە نییە و و با بچنەوە باکووری کوردستان كار بكەن، با شەڕ و ئاڵۆزییەکان بگوازنەوە بۆ ناو خاکی خۆیان، چونکە شنگال بەشێکە لە خاکی هەرێمی کوردستان و ئیتر پێویست ناکات پەکەکە ببێتە هۆکاری ئاڵۆزی و ئاریشەی ناوچەکە”.
ئەو کچە چالاکوانە ئاماژەی بەوەش کرد: “پەکەکە دەستی لە باکووری کوردستان بەرداوە و هاتووە لەناو شنگالدا بووەتە سەرئێشە و چەندین ئاریشەی کۆمەڵایەتیی بۆ خەڵکەکەی دروست کردووە، بەتایبەتی ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی کچانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لەلایەن پەکەکەوە زۆر بووە، ئێزدییان ئیتر وەکجاران قەبووڵ ناکەن کچەکانیان ببرێنە چیا و لە دایک و باوک و کەسوکاریان داببڕێن، ئەوەی پەکەکە دەیکات دژی دابونەریتی ئێزدییەکانە”.
دلڤین خەلەف ئەوەشی بۆ (باسنیوز) خستە ڕوو: “ئەو کچانەی کە چوونەتە ڕیزەکانی پەکەکەوە، هیچیان بە دڵخوازی خۆیان نەچوون، بەڵکوو لەلایەن پەکەکەوە ڕفێندراون و مێشکیان شۆردراوەتەوە، پەکەکە کێشە و گرفی بۆ هەموو خێزان و کەسوکاریان دروست کردووە، چونکە گەلێک کچی خوار تەمەن 18 ساڵیان بردووەتە فێرگەی خۆیان و مێشکی هەموویان تێک دراوە و هەڵخەڵەتێندراون و وایان لێ هاتووە لە کەسوکاری خۆشیان دوور دەکەونەوە”.
ئاماژەی بەوەش دا: “دایک و باوکی ئەو کچانەی کە لەلایەن پەکەکەوە ڕفێندراون، زۆر جار هەوڵیان داوە منداڵەکانیان ببینن، بەڵام پەکەکە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی نەداوە و ناهێڵێت، بەڕاستی ئێمە ئومێدمان هەیە ڕفێندراوەکانی دەستی تیرۆریستانی داعش ئازاد بکرێن، بەڵام هیچ ئومێد و باوەڕمان بەوە نییە ئەو کچانەی پەکەکە دەیانڕفێنێت، جارێکی دیکە ڕزگار بکرێن و بە خێزانەکایان شاد ببنەوە”.
دلڤین خەلەف ئەوەشی ئاشکرا کرد: “ئێمە زانیاریمان هەیە کە پەکەکە چی بەسەر ئەو کچانە هێناوە، لەبەر ئەوەی جارێکی دیکە نەتوانن بگەڕێنەوە نا خێزان و کەسوکاری خۆیان، لەلایەن پەکەکەوە ڕووبەڕووی زۆرداری و ستەم کراونەتەوە”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
