ئەنجوومەنێ ئێزديێن سووریا:80٪ ئێزدیێن ڕۆژئاڤايێ کوردستانێ کۆچكريه دهرڤهى وهلاتى
باسنيوز:
لە چاوپێکەوتنێکی (باسنیوز)دا، سرحان عیسا، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدییانی ڕۆژئاوای کوردستان-سووریا ڕایگەیاند، پەکەکە کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان داناوە و 80٪ی دەستکەوتەکان بەهۆی پەکەکەوە لەدەست چوون و هەر بەهۆی ڕەوشی خراپەوە 80٪ی ئێزدییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کۆچیان کردووە و دیموگرافیای 95٪ی گوندەکانی عەفرین گۆڕاوە.
(باسنیوز) ڕۆژئاوای کوردستان لە چ ڕەوشێکدایە؟
سرحان عیسا: ئەو هیوایەی لە دەستپێکی شۆڕشدا لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ گەلی کورد هەبوو، ئێستا نەماوە، چونکە شۆڕشەکە گۆڕدرا، بوو بە شۆڕشی چەکداران و ئەوەش کاریگەریی یەکجار گەورەی لەسەر نەتەوەی کورد دانا، لەبەر ئەوەی گرووپە چەکدارەکان هاتنە ناو ڕۆژئاوای کوردستان و دەستیان کرد بە تۆڵەکردنەوە و ئەو شۆڕشەی خەڵک پێیان دەگوت شۆڕشی کەرامەت و ئازادی و بەهیوا بوون بە دیموکراسی و ئازادی شاد ببن، هەمووی پێچەوانە بووەوە و لە سەرێکانی و عەفرین دەست بە تۆڵەکردنەوە و پاکتاو کرا و تەنانەت شار و گوندەکانی ئێزدییان چۆڵ کران و دەیان کەس کوژران و ماڵی ئێزدییەکان تاڵان کرا.
(باسنیوز) هۆکار چی بوو کە ئەو زیانە بەر ڕۆژئاوای کوردستان کەوت؟
سرحان عیسا: هۆکارەکەی پەکەکەیە و پەکەکە کارتێکەریی خراپی لەسەر پرسی کورد لە وڵاتی سووریا داناوە، هەموو کەسێک دەزانێت پەکەکە ڕەوشی ڕۆژئاوای چەندە خراپ کردووە، پەکەکە لەگەڵ حکوومەتی سووریا و ئێران هاوپەیمانیی پێک هێناوە، عەفرین بوو بە قوربانیی سیاسەتی هەڵەی پەکەکە و زیانێکی مەزن گەیشتە خەڵکی عەفرین، ئێمە هیوادارین پەکەکە دەست لەو سیاسەتە هەڵەیەی خۆی بەر بدات کە بەهۆیەوە 80٪ی دەستکەوتەکانمان لەدەست دا و هیواداریشین بە چاودێریی سەرۆک مەسعود بارزانی گفتوگۆ دەست پێ بکات و لەو گفتوگۆیەوە مەرجەعیەتی سیاسیی کورد لە سووریا دیار بێت.
(باسنیوز) پێگەی سەرۆک بارزانی و کاریگەریی ئەو لەسەر ئاستی جیهانی چۆن دەبینن؟
سرحان عیسا: ئێمە سەرۆک بارزانی بە مەرجیەتی نەتەوەی خۆمان دەزانین و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆک بارزانی بەردەوام دەستی هاوکارییان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان درێژ کردووە و هەڵوێستیان ڕوون و ئاشکرا بووە و بەردەوام دەستی برایەتییان بۆ ئێمە درێژ کردووە، لە کۆبانێ پێشمەرگەی کوردستان بەرگریی کرد و ئێستاش سەدان هاووڵاتیی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون و ڕەوشی ژیانیشیان زۆر باشە و زۆر هاوکاری و پشتیوانیی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان کراوە.
(باسنیوز) لە ڕۆژئاوای کوردستان ژمارەی ئێزدییان چەند بوو، ئێستا ڕەوشی ئێزدییان چۆنە؟
سرحان عیسا: 200 هەتا 250 هەزار ئێزدی لە سووریا هەبوو، لە پارێزگاکانی حەڵەب و عەفرین و عاموودی و حەسەکە و سەرێکانی و قامیشلوو و گوندەکانی دەوروبەریان ئێزدی دەژیان، بەڵام دوای شۆڕشی سووریا زیانی مەزن بەر ئێزدییەکان کەوت، بەتایبەت لە سەرێکانی، ئەو کاتەی گرووپە توندڕەوەکان هێرشیان کردە سەر سەرێکانی و ئێزدییەکانیان جینۆساید کرد، لەبەر چاوی منداڵاکەنیان زۆر هاووڵاتیی ئێزدییان سەر بڕی و سەڕێکانییان بە ئێزدییەکان چۆڵ کرد، لە عەفرینیش ئێزدی زۆر بوون، ئەوانیش تووشی جینۆساید هاتن و ئێستا ئێزدی لە عەفرین نەماون و زۆریان بەرەو لوبنان و دەوڵەتانی ئەورووپا کۆچیان کردووە و بەشێکیشیان هاتوونە هەرێمی کوردستان و ئێستا 80٪ ئێزدییانی ڕۆژئاوای کوردستان کۆچیان کردووە و لە شوێنی خۆیان نەماون.
(باسنیوز) ئێزدی لە ڕۆژئاوای کوردستانیش وەکوو شنگال تووشی جینۆساید بوون؟
سرحان عیسا: ئەو جینۆسایدەی لە عەفرین ڕووی دا کەمتر نەبوو لەو جینۆسایدەی کە لە شنگال ڕووی دا. بەڵێ لە ڕۆژئاوای کوردستانیش ئێزدییان جینۆساید کران و زۆرداری و ستەمیان زۆر لێ کرا و سەدان گەنجی ئێزدی گیران و ڕفێندران و زۆریشیان کوژران و ماڵی ئێزدییان داگیر و تاڵان کرا، تەنانەت دیموگرافیی 95٪ی گوندەکانی ئێزدییەکان لە عەفرین گۆڕدراوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
