ژبهر بارانێ چهندين خانيێن وهلاتيان ل شنگالێ ژناڤچوون
باسنيوز:
قایمقامی قەزای شنگال ڕایگەیاند، بەهۆی باران و لافاوەوە زۆر خانووی خەڵکی شنگال ڕووخاون و ڕێژەی وێرانیی شنگال لە ساڵی 2014ـوە تا ئێستا زۆر زیاد بووە.
نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”لە شنگال ئەو خانووانەی ساڵی 2014 تیرۆریستانی داعش نەیانڕووخاندن بەهۆی باران و لافاوەوە ڕووخاون، چونکە بەشی زۆری خانووەکانی خەڵکی شنگال بە قوڕ و خۆڵ دروست کراون، ئەوە هەشت ساڵە چۆڵن و نۆژەن نەکراونەتەوە.”
ڕوونیشی کردەوە: ”ئاوارەکان تا ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە، خانووەکانیان وێران بووە، چاوەڕوان دەکرا لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا حکوومەتی فیدراڵیی عێراق ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە شنگال، ئەوە چوار مانگ لەمساڵ (2023) تێپەڕ بوو، هێشتا حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی نەناوە و گرووپە چەکدارەکان هەر لەناو شنگالدا ماون و ئاوارەکان لە ڕەوشی شنگال دڵنیا نین تاکوو بگەڕێنەوە.”
جەختیشی کردەوە: ”هەندێک گوند و کۆمەڵگە لە شنگال هەن بەشی زۆری خانووەکانیان وێران بووە و ساڵ بە ساڵ ڕێژەی وێرانیی خانووەکان زیاد دەکات، چونکە زۆربەی خانووەکان بە قوڕ و خۆڵ دروست کراون، بۆیە خۆ لە بەر باران ڕاناگرن و دەڕووخێن.”
قایقمامی شنگال گوتیشی: ”زۆر هۆکار بۆ نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان هەیە، بێجگە لەوەی خانووە قوڕینەکانیان بەهۆی بارانەوە ڕووخاون، حکوومەتی فیدراڵیی عێراقیش خەڵکی زەرەرمەندی شنگالی قەرەبوو نەکردووەتەوە و خانووەکانیانی نۆژەن نەکردووەتەوە.”
ئاشکرایشی کرد: ”هێشتا لە هێندێک شوێن و دەڤەری شنگال پاشماوەی کارە تیرۆریستییەکانی داعش ماون و لە مین و تەقەمەنی پاک نەکراونەتەوە، ئێمە زۆر جار داوامان کردووە هەموو شنگال لە مین و تەقەمەنیی تیرۆریستان پاک بکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا لە هێندێک شوێن ئەو کارە نەکراوە.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی