تیتالێ کەرەمێ سەیاد: هاتنا بارزانيێ نەمر بۆ ئێكهتيا سۆفیەتێ ڤهگەڕا هیڤيێ بوو ژبۆ کوردێن ئێزدی
تیتالی کەرەمی سەیاد، کەسایەتی دیاری کوردانی ئێزدی لە ئەرمینیا و سەرپەرشتیاری ڕادیۆی یەریڤان و کوڕی کەسایەتی دیاری ئێزدی کەرەمێ سەیاد لە ئەرمینیا دەڵیت: لە سەردەمی سۆڤییەت دا دۆخی کوردان لە سۆڤیەت باشبوو، هەموو کورد بەرەو خوێندن چوون، ئەمەش هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ کورد لەبواری خوێندنەوە لە شوێنیکی گەورەی جیهان دەست بە خوێندن بکەن.
تیتالی کەرەمێ سەیاد، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا گوتی: لە ساڵی ١٩٣٠ دەرفەتێکی گەورە بە کورد درا ڕادیۆ و ڕۆژنامەیەک بۆ کورد دامەزرێندرا، ئەویش ڕۆژنامەی ڕێیا تازە و ڕادیۆی ئێریڤان بوون، ئەمەش دەرفەتێکی دیکە بوو بۆ کورد و دەرگەییەکی دیکە بە ڕووی کوردان دا کرایەوە.
گوتیشی: لە ساڵی ١٩٥٨ـدا کاتێک بارزانی نەمر لە یەکێتی سۆڤیەت بوو، لە مۆسکۆ هاتە یەریڤان، هەموو کوردان پێشوازییەکی گەورەیان لێکرد، ئەو کات هیچ هیوایەک نەمابوو، بەڵام بارزانی نەمر هیوای بۆ گەلی کورد گەڕاندەوە.
تیتال ئاماژەیشیدا: وەک باوکیان دەیگێڕایەوە: “هاتنی بارزانی نەمر بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی خەڵکی کورد بوو” ئەو کات بووە میوانی ڕادیۆی یەرێڤان و لە گوند بە گوندی ئێزدییان گەڕا، خەڵک بە جۆش و خرۆشێکی گەورە پێشوازی لێ کرد، ئامانجی ئەوەبوو گوێ لە داواکاری خەڵک بگرێت، چونکە دواتر دەگەڕایەوە مۆسکۆ و لەگەڵ بەرپرسانی سۆڤیەت کۆدەبوویەوە، بۆیەش خەڵک داواکارییان گەیاندە بارزانی نەمر، ئەویش گەیاندییە سۆڤیەت.
تیتال ئەوەیشی خستەڕوو، خەڵکی ئەرمینیا، بە بارزانی نەمریان گوت: دەمانەوێت، ببینە پێشمەرگە، ئەو کات بارزانی نەمر پێی گوتبوون، ئێوە هەر پێشمەرگەی پێنووسن و لێرە پشتیوانمان بن، دوای چوونی بارزانی نەمر بۆ مۆسکۆ و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی سۆڤیەت، پشتیوانییەکی گەورە بۆ کوردان کرا و گرنگییەکی زیاتر بە ڕادیۆ و رۆژنامەی کوردی درا.
ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی لە ئەرمینیان، ژمارەیان نزیکەی ٤٠ هەزار کەس دەبێت و زۆرینەیان لە ناوچەکانی ئەلەگەز و شامیرانن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی