قاسم شەشۆ: ههژمارا هێزێن پێشمهرگهى ل شنگالێ دێ ئێنه زێدهكرن
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال دەڵێت، کەموکوڕی هێزەکەیان گەیاندووەتە سەرۆک مەسعود بارزانی و بەڵێنی پێداون ژمارەی هێزەکانیان بۆ زیاد بکات و چەک و پێداویستی سەربازیی نوێیان بخاتە بەردەست.
قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال دوێنێ لەگەڵ ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی شنگال لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە. ئەو فەرماندەیە لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە گوتی، “سەرۆک بارزانی لە هەولێر پێشوازی لێ کردین و پێی راگەیاندین، هەر هاوکارییەکمان پێویست بێت بۆ شنگال من یارمەتیتان دەدەم.”
رۆژی سێشەممە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال بە ناسر عەلی، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆکی راگەیاند، “داوامان لە سەرۆک بارزانی کرد فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی شنگال بە فەرمی بکرێت، ئەویش داوای لە راوێژکارەکانی کرد هەموو داخوازییەکانمان بنووسن بۆ ئەوەی رێکارەکانی بەفەرمیبوونی هێزەکانمان جێبەجێ بکرێت.”
فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی شنگال دەڵێت، “سەرۆک بارزانی بەڵێنیدا تاوتوێی پێشنیازی زیادکردنی هێزەکانمان بکات و بڕیارە بۆ ئێستا بکرێتە سێ هەزار پێشمەرگە.”
حەیدەر شەشۆ باس لەوە دەکات کە داخوازی لە سەرۆک بارزانی کردووە بڕە پارەیەک وەکو هاوکاری مانگانە بۆ هێزی پێشمەرگەی شنگال زیاد بکرێت تا ئەوکاتەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەگاتە ئەنجام و پێیوایە، “ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت چەک و شوێن و مووچەی پێشمەرگەکانمان گۆڕانکاری بەرچاوی بەسەردا دێت.”
بەگوتەی حەیدەر شەشۆ، سەرۆک بارزانی رەزامەندی داوە بۆ ئەوەی “چەکی باش بدرێتە هێزی پێشمەرگەی شنگال تاوەکو لە بەرامبەر مەترسی داعش پارێزگاری پێ لە شنگال بکەن.”
لەبارەی دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال، فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە شنگال دەڵێت، “دەبێت ئەو کەسەی دەکرێتە قایمقامی شنگال خەمخۆر و دڵسۆزی شارەکە بێت.” هەروەها پێشنیاز دەکات کەسێک لە ماڵباتی حەسەن حەجی میرزا کە بنەماڵەیەکی ناسراوی شنگالن، وەکو قایمقامی شنگال دابنرێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی