گەنجهكێ ئێزدی گرتيێ دەستێ داعش ل ئیدلبێ بۆ شنگالێ دێ ئێته ڤهگهراندن
رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی لەدایکبووی ساڵی 2006 کە لە ساڵی 2014 داعش لە سنووری شنگال رفاندبووی، لە سووریاوە دەگەڕێندرێتەوە بۆ نێو کەسوکاری لە شنگال.
یەکشەممە 26-11-2023 خەیری بۆزانی، سەرپەرشتیاری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەنجێکی لەدایکبووی ساڵی 2006ـی کوردی ئێزدییان دۆزیوەتەوە، کە لەدایکبووی گوندی حەردانە لە سنووری شنگال و لە ساڵی 2014 داعش رفاندوویەتی و بردووانە بۆ سووریا.
خەیری بۆزانی گوتی “گەنجەکە لە شاری ئیدلب کاری کردووە و لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە مامێکی دۆزیوەتەوە، ئێمەش رێکارەکانی گەڕانەوەیمان دەستپێکرد و لە هەنگاوی یەکەم گەیاندمانە شاری منبج، دواتر لە شاری حەسەکە رادەستی ماڵی ئێزدییان کرا.”
سەرپەرشتیاری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش ئاماژەی بەوەشکرد، “مانگێکە ئەو گەنجەمان دۆزیوەتەوە و بڕیارە لەم رۆژانەدا بە کەسوکاری شادببێتەوە.”
گەنجەکە ناوی رۆژین حەدیس تەڵاڵە و لە تەمەنی نۆ ساڵیدابووە کاتێک داعش رفاندوویەتی.
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال، لە سێی ئابی ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و، شەش هەزار و 417 کەسیشی رفاند، کە تائێستا سێ هەزار و 575 کوردی ئێزدی رزگارکراون و نزیکەی 2842 کەسیش بێسەروشوێنن.
نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش ساڵی 2014 بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی کرایەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی