فرانسوا ئۆلاند:روودانا نیس يا تیرۆرستی بوو
رووداو- هەولێر
سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت “رووداوەکەی شاری نیس تیرۆریستی بووە و ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەرمان لە ماڵی خۆیان گورزیان لێ دەدەین”.
درەنگانێکی شەوی پێنجشەممە 14-7-2016 بەکامیۆنێکی بارهەڵگر هێرشکرایەسەر خەڵکی شاری نیس لە باشووری فەرەنسا، کە بۆ ئاهەنگگێڕانی رۆژی نیشتمانی فەرەنسا لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە کۆبووبوونەوە.
لە هێرشەکەدا بەپێی دوایین زانیارییەکان 84 کەس کوژراون و 50 کەسی دیکەش بریندار بوون، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئاماری کوژراوان و بریندارانی رووداوەکە بە رەسمی رانەگەیێندراوە.
لە دوای رووداوە خوێناوییەکەی نیس، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەرەنسا لە گوتارێکدا رایگەیاند: “رووداوەکەی شاری نیس هێرشێکی تیرۆریستی بووە و بەهۆی ئەو رووداوەوە تاوەکو سێ مانگی دیکە باری نائاسایی لە فەرەنسا درێژ دەکەینەوە”.
سەرۆکی فەرەنسا گوتی: “ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان لە سووریا و عێراق زیاتر دەکەین و ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەرمان لەماڵی خۆیان گورزیان لێ دەدەین”.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی شارەوانی نیس گوتوویەتی: “بارهەڵگرەکە بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی و نارنجۆکی تێدا بووە و شۆفێری بارهەڵگرەکە بەهۆی تەقەی پۆلیسەوە کوژراوە”.
شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن کە کاتێک بارهەڵگرەکە بەرەو لای خەڵکەکە رۆیشتووە نزیکەی هەزار کەس لەو شوێنە بوون و بە مەودای 2 کیلۆمەتر لە نێو خەڵکەکەدا پێشڕەوی کردووە.
لەکاتی رووداوەکەدا دەنگی تەقەش بیستراوە و لە وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت کە تەقەیەکی زۆر لە بارهەڵگرەکە کراوە.
کریستیانۆ سترۆسی، سەرۆکی شارەوانی نیس بە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی فەرەنسای گوتووە: “ئەو پۆلیسەی کە تەقەی لە شۆفێری بارهەڵگرەکە کردووە و کوشتوویەتی، بە ئێمەی راگەیاندووە کە شۆفێرەکە لەو کاتەی بەرەو پێش دەهات تەقەی لە خەڵکیش دەکرد”.
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانی نیس “شۆفێری بار هەڵگرەکە بە پلانی پێشووتر ئەو کارەی کردووە و هێرشەکە کتوپڕ نەبووە”.
باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رووداوەکەی بە “هێرشێکی تیرۆریستی مەترسیدار” ناوزەدکرد و شەرمەزاری کرد.
ئۆباما هاوخەمی خۆی بۆ خەڵکی فەرەنسا دەربڕی و رایگەیاند: “ئەمریکا لەوبارەیەوە یارمەتی هاوپەیمانە دێرینەکەی دەدات”.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاش رایگەیاند: “بەدواداچوون بۆ وردەکاریی رووداوەکە دەکەین و لەگەڵ بەرپرسانی شاری نیس لەپەیوەندیداین”.
تاوەکو ئێستا هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارەتی هێرشەکەیان لە ئەستۆ نەگرتووە و دیاریش نییە کە ئایا شۆفێری بارهەڵگرەکە بەتەنیا ئەو کردەوەیە ئەنجام داوە یان کەسانێکی دیکەیش لە پشتەوەی ئەو هێرشەوە هەن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
