شەرێ باشیک ل سهر زارێ فەرماندەيێن پێشمەرگەى
رووداو- باشیک
پێشڕەویی هێزەکانی پێشمەرگە بەرەو نێو شارۆچکەی باشیک بەردەوامە، لە چوارقۆڵەوە پێشمەرگە چووەتە نێو گەڕەکە سەرەتاییەکانی باشیک. لە هێرشەکەی پێشمەرگەدا لەماوەی چەند کاژێری رابردوودا حەوت بۆ هەشت خۆکوژ و ئینغیماسی و 11 چەکداری دیکەی داعش لە مەیدانی شەڕ کوژراون.
هەر لەو شەڕەی رۆژی دووشەممە 7-11-2016 هاوپەیمانان زیاتر لە 10 جار داعشیان لەنێو باشیک بۆردوومان کردووە، فەرماندەکانی پێشمەرگەش دەڵێن “داعش دوو بژاردەی لەبەردەمە لەنێو باشیک یان کوژران یان خۆبەدەستەوەدان، چونکە پلانی کۆنترۆڵکردنەوەی باشیک بەسەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت”.
عەزیز وەیسی: چەند چەکدارێکی داعشمان بەدیل گرتوون
عەزیز وەیسی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی زیرەڤانی بە رووداوی راگەیاند، هێزی پێشمەرگە و لیوای پشتیوانی یەک بەشدارن لە شەڕی ئەمڕۆی باشیک و بێجگە لەوان هیچ هێزێکی دیکەی دەرەوەی باشووری کوردستان بەشدار نین لەو شەڕەدا.
فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی زیرەڤانی هەروەها گوتی “پێشمەرگە پێشڕەوییەکی زۆری کردووە و چووەتە نێو باشیک، هێزی پشتیوانی یەکیش رۆڵێکی گەورەیان هەیە لە شەڕەکەدا و هێزی رۆژ-یش بەشدارن و پلانەکان بەباشی بەڕێوەدەچن”.
عەزیز وەیسی ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەموو قۆڵەکانەوە پێشمەرگە سەرکەوتنی تۆمارکردووە “سوپاس بۆ خودا پێشمەرگە زیانی گیانی نییە”، جەختیشی کردەوە لەوەی “شەڕەکە بەسەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانییە، داعشیش زیانی گیانی زۆری هەیە و چەکداریشیان بە دیلی کەوتوونەتە دەست پێشمەرگە”.
لیوا سالار تەیموور: تەرمی 15 چەکداری داعش لەبەردەستی پێشمەرگەیە
فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە باشیکەوە رایگەیاند “تاوەکو ئێستاش شەڕ لە قۆڵەکانی باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا بەردەوامە، کە قۆڵی رۆژهەڵات دەکەوێتە بەحزان و لەوێ 15 رۆژە پێشمەرگە داعشی گەمارۆداوە”.
فەرماندەکەی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە باشیک هەروەها گوتی “لە بەحزان داعش هیچ دەرچەیەکی نەبوو و شەڕی مان و نەمان بوو، ئێستا تەرمی 15 چەکداری داعش لە ژێر دەستی پێشمەرگەدایە و، 2 چەکداری داعشیش کە خەڵکی موسڵن بە دیلی کەوتوونەتە دەست پێشمەرگە”.
بەپێی گوتەی فەرماندەکەی پێشمەرگە “داعش زیانی گیانی زۆری هەیە، پێشمەرگە تائیستا بێ زیانە، هەروەها ئەو پلانەی دانراوە لەسەتا 60ـی بەسەرکەوتوویی جێبەجێکراوە و، هیچ کێشەیەک نییە”.
عەبدولوموهەیمەن بارزانی: ئەمڕۆ باشیک کۆنترۆڵدەکەینەوە
عەبدولموهەیمەن بارزانی، نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە باشیک رایگەیاند “پێشمەرگە ماوەی دوو هەفتەیە باشیکی بە تەواوەتی گەمارۆداوە و ئەمڕۆ شەڕەکە دەستیپێکردووە”.
نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە باشیک هەروەها گوتی “چەکدارانی داعش لە باشیک شەڕدەکەن، بەڵام ناتوانن بەرەنگاری پێشمەرگە ببنەوە، پێشمەرگە سەرکەوتووانە کارەکانی ئەنجامدەدات و داعش ناتوانێت بەرامبەر پێشمەرگە شەڕبکات”.
عەبدولموهەیمەن بارزانی بە جەختکردنەوە لەوەی “پێشمەرگە لە پێشڕەویی بەردەوامدایە و ئێمە چاوەڕوانی ئەو پێشڕەوییانەمان دەکرد”، هەروەها رایگەیاند “ئەمڕۆ بە پشتیوانیی خوا و قارەمانیێتی پێشمەرگە باشیک بەتەواوەتی کۆنترۆڵدەکەینەوە و داعش لە باشیک کۆتاییدێت”.
محەممەدی حاجی مەحموود: پێشمەرگە هەرشوێنێکی بوێت ئازادی دەکاتەوە
یەکێکی دیکە لە فەرماندەکانی پێشمەرگە کە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد لەبارەی شەڕەکەی پێشمەرگە لە باشیک، محەممەدی حاجی مەحموودە و گوتی” هاوپەیمانان لە شەڕی باشیک هاوکاری تەواوی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە لە ئاسمانەوە و داعشیان بۆردوومان کردووە”.
محەممەدی حاجی مەحموود هەروەها گوتی “پێشمەرگە هەر شوێنێکی بووێت ئازادی دەکاتەوە، هیچ هێزێک ناتوانێت بەرامبەر پێشمەرگە شەڕبکات. پێشمەرگە ورەیەکی بەهێزی هەیە و داعش هێزێکی زۆری هەبوو لێرە و کەچی ئێستا کەمبوونەتەوە ویان رایانکردووە یان کوژراون”.
سوپاسالاری پێشمەرگە: چوار ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی داعش تەقێندراونەتەوە
فەریق جەمال محەممەد، سوپاسالاری پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “بەویستی خوا هیچ شەڕێک بۆ پێشمەرگە قورس نابێت، بەڵام شەڕەکەش شەڕێکی بچووک نییە، بەڵکو باشیک وەکو شارێکی گەورەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگەکان بەپێی رێنماییەکانی جەنابی سەرۆک پێشڕەوی دەکەن”.
لەبارەی شەڕی چەکدارانی داعش و رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە لە باشیک سوپاسالاری پێشمەرگە رایگەیاند “ئەوان رۆژانە لەلای چیای باشیکەوە تەقەیان لە هێزەکانی پێشمەرگە دەکرد، هەروەها وەکو پێشبینیمان دەکرد ئەمڕۆش گوللەیان بەرامبەرمان تەقاندووە و شەڕیان کردووە”.
فەریق جەمال محەممەد لەبەشێکی دیکەی گوتەکانی ئاشکرای کرد “هەتاوەکو ئێستا دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراومان تەقاندوونەتەوە و فڕۆکەکانی هاوپەیمانانیش بەهەمان شێوە دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی دیکەی داعشیان تەقاندووەتەوە لە باشیک”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
