عەبادی: لگەل هەرێما کوردستانێ لسەر ڤهكێشانا پێشمەرگەى رێککەفتين
رووداو- هەولێر
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ، نێوەڕۆکی راپۆرتەکەی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رەتدەکاتەوە، کە هێزەکانی عێراقی بە کوشتنی خەڵکی سڤیل تۆمەتباردەکات و دەشڵێت “لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێککەوتووین، کە پێشمەرگە بگەڕێتەوە شوێنی پێشووی خۆی”.
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی پێنجشەممە 10-11-2016 لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی بەرپرسان و پەرلەمانتارانی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی “واهاتین نەینەوا” بەشێوەیەکی باش و دروست لە سەرجەم میحوەرکان بەڕێوەدەچێت و لە ئۆپەراسیۆنەکانیش بەوردی بەڕێوەدەچن و ئامانج لێی رزگارکردنی مرۆڤە.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەبادی “سەرسووڕمانی خۆی لەبارەی راپۆرتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەربڕی، کە هێزەکانی عێراقی بە ئەنجامدانی کاری کووشتن لە موسڵ تۆمەتبار دەکات، لەکاتێکدا لە بنەڕەتدا زانیاری نادروست گواستراوەتەوە لەبارەی هێزەکانی حکومەت، راستییەکەی ئەوەیە، کە دانیشتووانی ناوچەکە خۆیان داعشەکانیان کوشتووە”.
عەبادی هۆشداری لە راپۆرتی لەم شێوەیەدەدات و دەڵێت : “بەرپرسیاریەتی تەواوی هەر پرۆسەیەکی ئاوارەبوونیان دەکەوێتە ئەستۆ، چونکە ئەو راپۆرتانە هاووڵاتیان دەترسێنن، بۆیە مەترسی ئاسایشی هاووڵاتیان دەکەوێتە ئەستۆی ئامانە”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە، “کە رێگە بە پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ نادەین، رۆڵەکانی گەلی عێراق یەکگرتوون و پێکەوە لە یەک خەندەق دەجەنگن”.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەبادی ستایشی هاوکاری نێوان سوپا و پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکانی دیکەی کرد و رایگەیاند “لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر ئەوە رێککەوتووین، بگەڕێنەوە هەمان ئەو شوێنانە کە پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی “واهاتن نەینەوا” لێی بوونە و هەرشتێکی دیکە لەوبارەوە بگوترێت دوورە لە راستییەوە”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
