دیندار دۆسكی: گەلێ كورد هیچ هیڤى و ئۆمێدهك ب عێراقێ نەمايه
هەولێر-KDP.info-
چاودێری سیاسی (دیندار دۆسکی) دەڵێ، هەمووی ئەو كێشانەی ئێستا لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەن، دەگەڕێنەوە بۆ حوكمڕانییەکەی (مالیكی) لە ڕابردوودا. دەشڵێ، گەلی كورد هیچ هیوا و ئۆمێدێكی بە عێراق نەماوە.
(دیندار دۆسكی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ”پڕۆژەکەی هاوپەیمانیی نیشتمانی تەنیا بۆ كاتكۆشتنە، دەنا هیچی بۆ كورد تێدا نییە. ئەو پڕۆژەیە، پێوەندیی بە سوننەوە هەیە، پێوەندیی بە كوردەوە نییە. هەر دەیانەوێ بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێن، كە پڕۆژەیەكیان بۆ ئاشتەواییی نیشتمانی لە عێراقدا پێیە. ئەو شاندەی هاتە كوردستان دەیویست پشتگیریی سەرۆكی هەرێم و لایەنە سیاسییەكانی کوردستان بەدەست بێنێت و، ببێتە پڕۆژەیەك بۆ هەموو عێراق، تا دەگەنە هەڵبژاردن، دەنا نێوەرۆكی ئەو پڕۆژەیە هیچ شتێكی تێدا نییە، كە كێشە سیاسییەكان و قەیرانەكان چارەسەر بكات.”
(دیندار دۆسكی) دەڵێ: ”سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان، خەونی هەرتاكێكی كوردە، بەڵام دەبێ هێزە كوردستانییەكان، کێشەکانی نێوخۆیان چارە بكەن، نەك قەیرانەكانی نێوخۆ ببنە هۆكار بۆ ئەوەی گەلی كورد بە ئامانجەکەی نەگات. دەبێ شاندێكی یەكگرتوو لە هەرێمی كوردستان دروست بكرێت و بچێتە بەغدا، كە ئەوە هەنگاوێكی زۆر باشە و ئەنجامی باشیشی دەبێت. گەلی كورد هیچ هیوا و ئۆمێدێكی بە عێراق نەماوە، كە كێشەكان چارەسەر بكات، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە، كورد ببێتە دەوڵەت و ببینە دوو جیرانی باش لەگەڵ یەكدی.”
ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێ: ”هەموو ئەو كێشانەی ئێستا هەن، دەگەڕێنە بۆ حوكمڕانییەکەی (مالیكی) لە ڕابردوودا. (مالیکی) لەو ماوەیەدا زۆر قەیرانی سیاسی و ئەمنیی دروست كرد، بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانی بڕی، هەڵوێستەكانی سەبارەت بە داواكانی گەلی كورد باش نەبوون و، هیچ هەنگاوێكی بۆ جێبەجێكردنی دەستوور و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا نەنا و، هەر كەسایەتیی (مالیكی) هۆكاری هاتنی داعش و دروستبوونی دەیان كێشەی دیکە بوو. ئەگەر بێت و بگەڕێتەوە سەر كورسیی دەسەڵات، هەڵوێستی سەبارەت بە داخوازییەكانی گەلی كورد و كوردستان باش نابن و، ئەو كێشانەی هەشن، ئاڵۆزتر دەبن.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
