بارزانی بۆ سکرتێرێ نەتەوەيێن ئێكگرتى:گشتپرسيێ دێ کەین
رووداو – هەولێر 
سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت ، لەکۆبوونەوەی لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بارزانی رایگەیاندووە “لە ئاییندەیەكی نزیكدا ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی جیهان ئاگاداری ویست و بڕیاری خەڵكی كوردستان بێت لەبارەی دواڕۆژی خۆی”.
رۆژی پێنجشەممە 30ـی 3ـی 2017 مەسعود بارزانی ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ، پێشوازی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرز سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد و پاش بەخێرهێنانی لە شاری هەولێر لەگەڵیدا كۆبووەوە.
بەپێی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ، لە كۆبوونەوەكەدا ، سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاسی بارزانی و گەلی كوردستانی كرد كە “سەرباری بوونی كێشە و تەحەدیات میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەیان كردووە و رێز و پێزانینی خۆیشی بۆ پێشمەرگە نیشاندا كە بە چەك و ئیمكانیاتی كەم پەلاماری تیرۆریستانیان تێكشكاند و جیهان بە سەرسامی و رێزەوە سەیری رۆڵی پێشمەرگە و گەلی كوردستان دەكات”.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیشی خستەڕوو “كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لە حەواندنەوەی ئاوارەكان كەمترخەم بووە ، هەموو هەوڵێكم دەخەمەگەڕ بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیی جیهانی بۆ هەرێمی كوردستان لە مەسەلەی ئاوارەكاندا”.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیی رێكخراوەكەیانی بۆ هەماهەنگی و هاوكاریی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و هەرێمی كوردستان خستەڕوو “بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان بە تایبەت لە قۆناغی دوای داعش”.
لە بەرامبەردا ، سەرۆكی هەرێمی کوردستان هاتنی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ كوردستان بە جێگەی دڵگەرمیی خەڵكی كوردستان ناوبرد و رایگەیاند: “یارمەتیدانی ئاوارەكان ئەركێكی مرۆیی و نیشتیمانییە ، لە ژێر هیچ پاساوێك نەدەكرا ئەو ئەركە جێبەجێ نەكەین”.
بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە رووبەڕووبوونەوەی “پێشمەرگە و تیرۆریستان” كرد و ئاماژەی بەوەدا كە جێگەی شانازییە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە تێكشكاوە.
بەپێی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بارزانی هەروەها ، سوپاسی هێزی هاوپەیمانان و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كە یارمەتیی هەرێمی كوردستانیان داوە . خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا كە هەماهەنگییەكی باش لەڕووی ئەمنی و سەربازییەوە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقیدا هەیە و سەركەوتنی گەورەی لێكەوتووەتەوە.
لەبارەی داهاتووی هەرێمی كوردستان، بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە “لە ئاییندەیەكی نزیكدا ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی جیهان ئاگاداری ویست و بڕیاری خەڵكی كوردستان بێت لەبارەی دواڕۆژی خۆی.”
هەروەها هێمن هەورامی، یاریدەدەری بارزانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی گوت ، با لە ئێمەوە گوێتان لێبێت کە لە نزیکترین کاتدا گشتپرسی ئەنجام دەدەین و پێمان خۆشە ئێوەش تەفەهومتان بۆ ئەم خواستەی ئێمە هەبێت”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
