نەتەوەيێن ئێكگرتى: داعش 100هەزار وهلاتى وەک قەلغانا مرۆڤى ل مووسلێ بکاردئينت

نەتەوەیەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، رێکخراوی داعش لەو چەند گەڕەکەی شاری موسڵ کە بەدەستییەوە ماوه زیاتر لە 100 هەزار هاوڵاتی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت.
برونو گەدۆ، نوێنەری کۆمسیۆنی باڵای پەنارانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایدەگەیەنێت هاوڵاتیانی مەدەنی ئەو بەشەی موسڵ کە بەدەست داعشەوە ماون- رۆژ بەرۆژ گوزەرانیان خراپتر دەبێت و برسێتی و ترسیان زیاد دەبێت و دەناڵێنن بەدەست کەمی خۆراک و ئاو و کارەبا و سوتەمەنییەوە.
ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران باس لەوەش دەکات پێشتر و لە مانگی ئایاردا 200 هەزار هاوڵاتی مەدەنی لەو ناوچانەدا مابوون کە لەژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا بوون، بەڵام لەگەڵ پێشڕەوی هێزە عێراقییەکاندا ئەو ژمارەیە کەمی کردووە و لەئێستادا نزیکەی 100هەزار هاوڵاتی لێ ماون کە داعش وەک قەڵغانی مرۆیی بەرامبەر هێرشی هێزە عێراقییەکان بەکاری دەهێنێت.
تا ئێستا 800هەزار هاوڵاتی موسڵ ئاوارەبوون و ئەوەش دەکاتە سێیەکی دانیشتوانی ئەو شارە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، زۆرینەی ئاوارەکانیش لە کەمپەکانی دەوروبەری شارەکە نیشتەجێبوون.
لە ئێستادا چەکدارانی داعش تەنها چەند گەڕەکێکیان لە ناوچەی موسڵی کۆن لەژێر کۆنتڕۆڵدا ماوەو بەرگرییەکی سەختی لێ دەکەن وەک دوا پێگەی سەرەکیی خۆیان لە ناو عێراقدا.
رۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2016 هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و بەپشتیوانی هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بەڕابەرایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ-یان دەستپێكرد.
دوای تێپەڕبوونی 100 رۆژ بەسەر دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەدا، تەواوی خۆرهەڵاتی موسڵ لەچەكدارانی داعش پاككرایەوە.
19ی شوباتی ئەمساڵیش، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ دەستیپێكرد، هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی و یەكەكانی بژاردەی وەزارەتی ناوخۆ بەرەوپێشچوونی بەرچاویان لەبەشی راستی موسڵ بەدەستهێناوە.
بەگوێرەی ئامارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان، لەئۆپەراسیۆنی موسڵدا هەشت هەزار، هاوڵاتی مەدەنی كوژراون و برینداربوون، ئەو ژمارەیەش تەنها ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە رەوانەی نەخۆشخانەكان كراون.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
