شبكة لالش الاعلامية

به‌رى ریفراندۆمێ گەرەنتیا دەستووری ب پێکھاتێن کوردستانێ دێ ئێته‌ دان 

به‌رى ریفراندۆمێ گەرەنتیا دەستووری ب پێکھاتێن کوردستانێ دێ ئێته‌ دان 
باسنيوز:

ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، کۆمیتەیەکی دیکەی تایبەت بە پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان پێک دەھێنێت و بەر لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم، داواکانیان لە کۆمیتەی باڵای ریفراندۆم یان لە پەرلەمانی کوردستان ئەگەر کارا کرایەوە، پەسەند دەکرێت. پێکھاتەکانی کوردستانیش ئەوە بە گەرەنتی دەزانن بۆ پاراستنی ژیانیان لە دەوڵەتی داھاتووی کوردستاندا.

لە ھەفتەی رابردوو لە دواکۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بە فەرمانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بڕیار دراوە کۆمیتەیەکی دیکەش بۆ ئەنجومەنەکە پێک بھێرێت، کە ئەندامەکانی لە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان بن.

بەپێی زانیارییەکانی (باس)، کۆمیتەکە داوا و مافی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان لە رەشنووسێکدا دەنووسێتەوە و وەکوو بەڵگەنامەیەک پێشکەش بە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستانی دەکات، ئەنجومەنەکەش وەکوو بەڵگەنامەیەک بۆ جێگیرکردنی مافەکانیان لە دەستووری داھاتووی کوردستان پەسەندی دەکات، لە دۆخێکدا ئەگەر پەرلەمانی کوردستان کارا کرایەوە ھەوڵ دەدرێت پەسەندکردنەکە لە پەرلەمانی کوردستان بێت.

شێخ شامۆ، نوێنەری ئێزدییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، پێکھاتە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان ئاگادار کراونەتەوە کە ئەندامی خۆیان بۆ پێکھێنانی کۆمیتەیەک دیاری بکەن، کە تایبەت دەبێت بە داوا و مافی ئەو پێکھاتانە لە دەستووری ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: ”ئەو بڕیارە زۆر دڵخۆشکەرە بۆ ھەموو پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان، چونکە لە داھاتووی کوردستاندا گەرەنتیی ماف و ژیانیان دەکات“.

شامۆ ئاشکراشی کرد، ئەو ڕەشنووسە وا بڕیارە بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان لەلایەن لایەنە سەرەکییەکانی ئەندام لە کۆمیتەی ریفراندۆم پەسەند بکرێت، لە دۆخێکیشدا ئەگەر پەرلەمانی کوردستان کارا کرایەوە، ئەوە پەسەندکردنەکە لە پەرلەمانی کوردستان دەبێت، بۆ ئەوەی دواتر لە دەستووری کوردستاندا ئەو مافەی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە دەستووری کوردستاندا جێگیر بکرێت.

ئاماژەی بەوەش دا، کوردی ئێزدی رابردوویەکی جیاوازی لەگەڵ کوردانی ھەرێمی کوردستان نییە و ھەمان ئەو چیرۆکانەی لە ئەنفال و دەربەدەرکردن بەسەر کورددا ھاتووە بەسەر کوردانی ئێزدیشدا ھاتووە، بەڵام ئەوان کە لە رووە ئایینییەکە جیاوازن، مافی خۆیانە لە دەستووری کوردستاندا ئازادیی ئایینییان بۆ دەستبەر بکرێت.

لای خۆشیانەوە، ئایدن مەعروف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی و سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو بەرەیە لە پەرلەمانی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، پێکھێنانی ئەو کۆمیتەیە ھەنگاوێکی باشە بۆ جێگیرکردنی مافی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان، گوتی: ”گرنگە ئەوەی لە دەستووردا دەنووسرێت لەداھاتوودا بە پراکتیکیش جێبەجێ بکرێت“.

ئەو بەرپرسەی تورکمان گوتیشی: ”پێشتر لە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥، پڕۆژە یاسایەک کە لە ١١ ماددە پێکھاتووە و پەسەند کراوە، کە ماددەکان شتێکی زۆر باش بوون بۆ پێکھاتەکانی کوردستان، ئەگەر ئەو ١١ ماددەیەش لەگەڵ ئەوانەی دیکە کە لەو کۆمیتەیە ئامادە دەکرێن بخرێنە دەستوورەوە، باشتر دەبێت“.

ئاماژەی بەوەش دا، گرنگە ئەو داوا و مافانە بۆ پشتیوانیی پێکھاتەکان تەنیا لە ریفراندۆم نەبێت، بەڵکوو دواتر بخرێنە دەستووری کوردستانەوە و ئەو مافانە بۆ پێکھاتەکان جێگیر بکرێت.

لای خۆشیەوە وەحیدە یاقو ھرمز، لە لیستی گردبوونەوەی کلدانیی سریانیی ئاشووری لە پەرلەمانی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند، دروستبوونی ئەو کۆمیتەیە و نووسینەوەی مافی پێکھاتەکانی کوردستان لە رەشنووسێکدا بە ھەنگاوێکی باش دەزانن بۆ داھاتووی پێکھاتەکان و پاراستنی مافەکانیان لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا، گوتی: ”ھەرچەندە تا ئێستا مافی پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی باش پارێزراوە و ژیانیان جیاوازیی نییە لەگەڵ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام جێگیرکردنی لە دەستووردا دەبێت بە گەرەنتییەکی یاسایی بۆ پاراستنی ژیانیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا“.

ئەو پەرلەمانتارە کریستیانە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەوان دڵنیان لەوەی لە داھاتووی کوردستاندا پاشەڕۆژی نەوەکانیان پارێزراو دەبێت، ھەر ئەوەش وای کردووە زۆرینەیان دەنگدانیان لە ریفراندۆم و روون و ئاشکرا بێت، کە بە (بەڵێ) دەبێت بۆ سەربەخۆیی کوردستان.

ھاوکات ئەیاد کاکەیی، سەرۆکی لقی ھەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە، کە دابینکردنی مافەکانی پێکھاتەکانی کوردستان لە رەشنووسێکدا، کە گەرەنتیی ئەوە بدات دەبن بە ماددەی دەستووری، ئەوە داننانی وڵاتان بە سەربەخۆیی کوردستان زیاتر دەکات، چونکە وڵاتانی پێشکەوتوو و دیموکراسی زۆر بە دیقەتەوە سەیری دروستبوونی ئەو دەوڵەتە دەکەن، گوتیشی: ”کوردستان خاوەنی چەندین دۆسیەیە لە پێکھاتەکان و ھەر پیکاتەی نەتەوەیی و ئایینێک لە کوردستان نەھامەتی و ماڵوێرانیی گەورەی بەسەردا ھاتووە، ھەمووان لە یەک سەنگەردا بووین بۆ پاراستنی کوردستان، کەوابێت ھەموومان مافی خۆمانە ژیان و ئازادیمان لە داھاتووی دەوڵەتی کوردستاندا پارێزراو بێت“.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

وەزیره‌كێ ده‌وله‌تا هەنگاریا:پێکڤه‌ژیانا ئایینان ل هەرێما کوردستانێ نموونەیا پێکڤەژیانا ئاشتییانەيه‌

Lalish Duhok

هێزێن سوننى بریار دا سەرۆکێ پەرلەمانى ژ پۆستێ وى دووربخن

Lalish Duhok

رێژەیا بێکاریێ ل ھەرێما کوردستانێ زێدە بوویە

Lalish Duhok