جێگرێ سوپاسالارێ پێشمەرگەى: ل هەموو ئاليان داعش هاته تێكشكاندن
هەولێر -KDP.info-
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا داعش زۆرترین کوژراوی لە بەرەکانی جەنگ هەبووە و بەشێکی زۆری کوژراوەکانیش عێراقی بوون. دەشڵێ، داعش شپرزەییان پێوە دیارە و دەیانەوێت قەرەبووی شکستەکانیان بکەنەوە.
لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا داعش لە دووزخورماتوو و چیای حەمرین و دوبز و زوممار هێرشیان کردووە، بەڵام لە سەرجەم هێرشەکاندا تێکشکاون و تا ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: ”داعش ٢٠٠ کوژراوی هەیە.” (سالار محەمەد جەباری)، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ”داعش لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە ١٥٠ کوژراویان هەبووە، بەتایبەت لە میحوەرەکانی ڕەبیعە و سنووری حەمرین و نزیک تەلەعفەر و چەند شوێنێکی دیکە، ناسنامەی بەشێکی زۆری کوژراوەکانیشیان عێراقی بووە، لە ناو کوژراوەکاندا ئافرەت هەبووە، کە پێشتر مەشق و ڕاهێنانیان پێ کراوە، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە لە سەرجەم بەرەکاندا داعش تێکشکێنراوە.”
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە گوتیشی: ”هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کردووە و لە سنووری کوردستاندا وەک پۆڵا لە بەرانبەر داعشدا ڕاوەستاوە، ئامانجی تیرۆریستانی داعش کردنەوەی بەرەیەکی نوێی جەنگە لە دژی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە ئازایانە تێکیان دەشکێنێت.”
(سالار محەمەد جەباری) ئەوەشی خستە ڕوو: ”ئەوەی داعش دەیکات دەرئەنجامی ئەو شکست و ئەو پەشۆکاوییانەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا بە دەستی هێزی پێشمەرگە بەسەریان هاتووە و زیانیان بەرکەوتووە.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
