“عێراقێ هێشتا نیازا شەرى لگەل هەرێما کوردستانێ هەیە”
هەولێر-KDP.info-
لە هەندێ میدیا عێراقییەکاندا دەنگۆی هێرشکردنە سەر خاڵە سنوورییەکانی هەرێم لە لایەن حەشد و سوپای بەغداوە هەیە و عەمیدێکی وەزارەتی پێشمەرگەش ڕایدەگەیەنێت، نەهاتنەوەی شاندی سەربازییان بۆ گفتوگۆ ئاماژەیە بۆ وەها کارێک.
عەمید (هەڵگورد حیکمەت)، بەڕێوەبەری هۆشیاری و ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “پێشتریش ڕامانگەیاندووە، کە ئامادەکاریی هێزی عێراقی لە سنوورەکان و نەهاتنە پێشەوەیان بۆ دانوستان لەگەڵ هەرێم، هاوکات ئەو لیژنە سەربازییەشیان کە ناردبوویان و جارێکی تر نەگەڕانەوە بۆ دانیشتن، ئاماژەگەلێکن کە حکوومەتی عێراق پیلانێکی تری لە هەگبەدایە، هێزەکانمان بۆ هەر ئەگەرێکیش لە ئامادەباشیدان”.
دەنگۆی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی هەرسێ وڵاتی عێراق و ئێران و تورکیا هەیە، لە کاتێکدا ئەو کۆبوونەوەیە بە ئاسایی وەرناگیرێت، عەمیدەکەی وەزارەتی پێشمەرگە لەو بارەوە گوتی: “بە ئاسایی وەرناگیرێت، ئەوەش دیسانەوە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی عێراق دەیەوێت، ئەو پیلانەی هەیبوو و بە تەواوی پێی جێبەجێ نەکرا، لەبری ئەوەی لەگەڵ هەرێم دانیشتن بکات، پەنا بۆ ئەوە دەبات لەسەر ئاستی هەرێمایەتی زەخت لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بکات”.
لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و بە ڕێککەوتنی چەند کەسێکی لایەنێک لەگەڵ سوپا و حەشد و میلیشیاکانی ئێران شاری کەرکووک و ناوچەکانی خرانە ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکان، حەشد و سوپاش دوو جار هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری زوممار بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی دەروازەی پێشخابوور، بەڵام هەردوو جارەکە بە توندی وەڵام درانەوە و تێکشکێندران، دواتر بە نێوەندگیریی ئەمەریکا شاندی سەربازیی هەرێم و ناوەند، ٣ کۆبوونەوەیان ئەنجام دا و بێ ئەنجامیش مانەوە. (هەڵگورد حیکمەت) هۆکاری بێئەنجامیی کۆبوونەوەکان بۆ پێداگریی ناوەند بۆ ڕادەستکردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم دەگێڕێتەوە، بەو پێیەی ئەوان دەیانەوێت، بە تەنیا خۆیان کاروباری دەروازەکان ڕاپەڕێنن و ڕادەستیان بکرێت، بەڵام بە پێی دەستوور بەڕێوەبردنیان دەبێ بە هاوبەشی بێت، “ئەو داوایەی ئەوان نادەستوورییە، بۆیە نەگەیشتووینەتە ئەنجام، دیاریشە نایانەوێت دانیشتنی تر بکرێتەوە، گەرنا بۆ جارێکی تر شاندی سەربازییان دەهاتنەوە، لەوەش گرنگتر دانیشتنی هەرێم و ناوەندە، کە بەغدا خۆی لەوە دەدزێتەوە، خۆ تەنیا کێشەی سەربازییمان نییە، چەندین خاڵی دەستووری هەن، کە لە لایەن ناوەندەوە پێشێل کراون”.
چەندین جار لە لایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانانەوە داوا کراوە ناوەند و هەرێم بە گفتوگۆ کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور چارە بکەن، هەر دوێنێش (بینالی یڵدرم) لەمەڕ کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند بێدەنگیی شکاند و داوای کرد لە چوارچێوەی دەستووردا کێشەکان بە گفتوگۆ چارە بکرێن. (حیکمەت) دەشڵێت: “هاوپەیمانان ڕۆڵیان هەبووە و داوایان کردووە، بە شەڕ کێشەکان چارە ناکرێن، ئەمەریکاش ڕۆڵی تایبەتی هەبووە و لەو سێ کۆبوونەوە سەربازییەی نێوان هەرێم و ناوەنددا وەک نێوەندگیر ئامادە بوون، هەوڵ دەدەن ئاگر لە نێوانماندا دروست نەبێت، بەڵام تا چەند حکوومەتی ناوەند پابەند دەبێت بەو داواکارییانەوە، شتێکی ترە”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
