ئەمریکا خەلکێ منبج ژ ئارامیا دهڤهرا وان دلنیا دکت
رووداو – هەولێر
سەرەڕای ئەوەی باس لە رێککەوتنێک دەکرێت لەنێوان ئەنقەرە و واشنتن، بەڵام دانیشتووانی شارۆچکەی منبج ترسیان لە هێرشی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکان هەیە بۆسەر ناوچەکانیان.
خەڵکی منبج ئاگاداری ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیان لە هەرێمی عەفرین، دەشزانن چۆن چەکدارانی سوپای سووریای ئازاد لەو هەرێمەی رۆژئاوای کوردستان، دەستیان داوەتە دزی و تاڵانکردن.
حەمید دەمەلخی، خاوەن فرۆشگایەکە لە منبج، دەڵێ “هەموو خەڵک دەترسن. ئەوەی دەربارەی ئەوان گوێمان لێ دەبێت ئەوەیە: هەموویان دزن. تۆ بینیت ئەوان چۆن تەواوی ئەو هەرێمەیان دزی و تاڵانکرد؟”.
بەڵام جیاوازی لەنێوان عەفرین و منبج هەیە، لەوانەش هەبوونی سوپای ئەمریکا لەو شارەی باکووری سووریا. جاروباریش شاندی باڵای ئەمریکی سەردانی منبج دەکەن و، لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا و هەسەدە و ئەنجوومەنی سڤیلی منبج کۆدەبنەوە، دوایین سەردانیشیان رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بوو.
ئیبراهیم قەفتان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سڤیلی منبج دەڵێ “ئامانجی سەردانەکە بەشێوەیەکی سەرەکی بریتی بوو لە دڵنیاکردنەوەی خەڵکی منبج، کە داگیرکاری نوێی عوسمانی لە ناوچەکەدا نابێت”.
زۆرجار تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر منبج دەکات، لەبەردامبەردا واشنتنیش بەردەوام هۆشداری دەداتە ئەنقەرە لە ئەگەری کارێکی لەوجۆرە.
ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا جۆرە دڵنیاییکردنەوەیەکی داوەتە خەڵکی منبج، کە تورکیا ناتوانێت هێرش بکاتە سەر شارەکەیان. عەلی سەتاف، خاوەن فرۆشگایەکی دیکەیە لە منبج و دەڵێ “دڵنیاین، کاتێک ئەمریکییەکان دەبینین دێنە ئێرە. ئەوە وامان لێدەکات هەست بکەین لە ئاسمانەوە بۆردوومان ناکرێین. خۆشحاڵین فڕۆکە نابینین، بەڵام جگە لەوە زۆر هەست بە ئاسوودەیی ناکەین”.
لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆی سووریا، منبج چەندینجار لە لایەن هێزی جیاوازەوە کۆنترۆڵکراوە. لە ساڵی 2012ـدا چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن ئەو شارەیان کۆنترۆڵ کرد، دوو ساڵ دواتر شارەکە کەوتە ژێر دەسەڵاتی داعش و ساڵی 2016ـیش هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆنترۆڵیکرد.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
