ھەفتيا بێت ب سیستهمێ نوو موچە ب مامۆستایان دێ ئێته دان
SNN:
وەزیری پەروەردە سەبارەت بەموچەی مامۆستایان و سیستمی نوێی موچە لەھەرێم پەیامێک ئاراستەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکات، سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی مامۆستایانیش زانیاریەکی گرنگ ئاشکرادەکات و دەڵێت:”وەزیری پەروەردە پێیڕاگەیاندوین کۆتایی ئەم ھەفتەیە سیستمی نوێی موچە ئاشکرادەکرێت و ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتوش بەو سیستمە موچە بەمامۆستایان دەدرێت”.
مامۆستا دڵشاد مەجید سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتیی مامۆستایان بەSNNی ڕاگەیاند، “سەردانی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایان و وەزیری پەروەردەمان كردو داواكاری لقی سلێمانی مامۆستایانمان گەیاندە وەزیری پەروەردە سەبارەت بەپرۆسەی پەروەردەو گوزەرانی مامۆستایان و نەفەوتانی ساڵێكی خوێندن”.
وتیشی:”لەو چوارچێوەیەدا وەزیر بەڵێنیدا تواناكانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی جارێكی دیكە خوێندن لەهەرێم و بەتایبەت سنوری پارێزگای سلێمانی دەستپێبكاتەوە”.
ئەوەشی ڕونكردەوە، “لەچوارچێوەی كۆبونەوەكەمان گفتوگۆ لەبارەی خەرجكردنی پارەی وانەوتنەوەی مانگەكانی (10، 11و 12) كرا، لەگەڵ پارەی چاودێری خولی دوەمی تاقیكردنەوە گشتیەكانی ساڵی ڕابردوو كە بۆ سلێمانی خەرجنەكراوە، لەو ڕوەشەوە وەزیر بەڵێنیدا لەسەرەتای هەفتەی ئایندەوە هەوڵی خەرجكردنی ئەو پارەیەش بدرێت”.
سەبارەت بەمەترسیەكانی وەستاندنی پرۆسەی پەروەردەش، بەرپرسەكەی یەكێتیی مامۆستایان وتی:”وەزیری پەروەردە پێیڕاگەیاندین پرۆسەكە ناوەستێنرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێدەچێت سیستمی تازەی موچە كۆتایی ئەم هەفتەیە ڕابگەیەنرێت و بەگوێرەی تواناكانی حكومەتیش لەناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو موچە بەسیستمی نوێ بەمامۆستایان بدرێت”.
لەبارەی ڕێگەچارەی كێشەكانی بەردەم پەروەردەو دورخستنەوەی مەترسیەكان لەسەر پرۆسەی پەروەردەو فێركردن مامۆستا دڵشاد وتی:”ۆرك شۆپێك بۆ مامۆستا بەئەزمونەكان ئەنجامدەدرێت بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵ، تاتوەكو پلانێك دابڕێژرێت بۆ قەرەبوكردنەوەی خوێندكاران لەنەفەوتانی پرۆسەی خوێندن، ئەگەرنا تاقیكردنەوەی وزاری پۆلەناكۆتاكان لەوادەی خۆیدا ئەنجامدەدرێت”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
