پارتی: حەشدا شەعبی ل پشت رەوشا خرابا کەرکوکێ يه
باسنيوز:
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای دەگەیەنێت کە بە پیلانێکی مەترسیدار حکوومەتی عێراق بۆ بە عەرەبکردنەوەی سنووری کەرکووک کار دەکات و ئەو پیلانانەش حەشدی شەعبی جێبەجێی دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧/٦/٢٠١٨، عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “حکوومەتی عێراق بە پیلانێکی مەترسیدار پرۆسەی بە عەرەبکردنەوەی سنووری پارێزگای کەرکووکی دەست پێکردووە و ئێستاش ئەو پیلانەی بە چڕی لە سنووری شارۆچکەی داقووق و لە گوندە کوردنشینەکان ئەنجام دەدات و ئەوەی کە ئێستا دەچێتە سەر گوندە کوردنشینەکان بە چەکەوە و بە ناوی داعشەوە ئەوانە زۆربەیان ھەر عەرەبەکانی سنووری حەویجە و داقووقن و حکوومەتی عێراق بە پاڵپشتی حەشدی شەعبی ئەو کردەوەیە دەکەن، چونکە داعش ئەو توانایەی جارانی نەماوە کە بە چەندین جۆری چەک ھێرش بکات، ئەو پیلانەی حکوومەتی عێراق، حەشدی شەعبی جێبەجێ دەکات و ئێستا ئەوان ناوچەکانیان بۆ ئەو تاقمە چەکدارانە چۆڵ کردووە، بۆیە ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان دەچنە سەر گوندە کوردنشینەکانی سنووری داقووق”.
کەرکووکی، ئەوەشی خستە ڕوو: “ئەو پیلانە وا دەکات لە ئەنجامدا خەڵک ناچار کراوە شوێن و ماڵی خۆی بەجێ بھێڵێت و لە داھاتووشدا عەرەب دەچنە شوێنەکانیان و پیلانی حکوومەتی عێراق زۆر روونە، چونکە ئەگەر مەبەستی پاراستنی ھاووڵاتییان بێت، خۆ دەبێ ھێز بنێریتە ئەو ناوچانە، بەڵام ئێستا ھێز نانێرێت و ڕێگەش نادەن ھێزەکانی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و لەو لاشەوە گرووپی چەکدار پڕ چەک دەکەن و لەدژی گوندنشینانی کورد لە سنووری داقووق و شوێنەکانی تریش ڕێکیان دەخەن”.
لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوودا میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کەرکووکیان بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار داگیر کرد و لەو کاتەوە دۆخی ئەمنیی پارێزگاکە تێک چووە و پرۆسەی بە عەرەبکردنەوەش دەستی پێکردووە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دیاردەکانی دزی، ڕفاندن، کوشتن و ھەڵکوتانە سەر ماڵی ھاووڵاتیانی وکرد لە سنووری کەرکووک و چالاکیی چەکدارانی داعش ڕوو لە زیادبوونن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
