خۆپیشاندان و نهرازى ل باژێرێن عێراقێ دبەردەوامن
باسنيوز:
خۆپیشاندان و گرژی و ئاڵۆزی لە شارە باشوورییەکانی عێراق کە بەهۆی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و بیكاری سەریان هەڵداوە، ماوەی نۆ ڕۆژە بەردەوامن و کەسێک کوژراوە و بە دەیان کەسیش بریندار بوون.
ئەو خۆپیشاندان و ئاڵۆزییانە کەلە شاری بەسرە و چەند شارێکی دیکەی شیعەنشینی باشوورەوە دەستیان پێکردووە، ڕۆژی هەینی بووە هۆی کوژرانی کەسێک و هاوکات 40 پۆلیسی دژە شۆڕشیش بریندار بوون.
ماڵپەڕی “ئەلسۆمەریە” بە پشتبەستن بە سەرچاوەکان لە پارێزگای “میسان” بڵاوی کردووەتەوە لەو پارێزگایەش کەسێک کوژراوە و 15 کەس لە خۆپیشاندەران کە ویستوویانە بچنە ناو بینا و باڵەخانە حکوومییەکانەوە، بریندار کراون.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن لە پارێزگای “زیقار” خەڵک ویستوویانە بچنە ناو بینای پارێزگاوە کە بەو هۆیەوە 25 هێزی پۆلیس بریندار بوون.
میدیاکانی عێراق باس لەوە دەکەن گرووپێک لە خۆپیشاندەران هێرشیان کردووەتەوە سەر فڕۆکەخانەی نەجەف و بە گوتەی شایەتحاڵان هەندێ لە گەشتەکان پووچەڵ کراونەتەوە و هەندێ لە ناڕازییان بە هەڵگرتنی ئاڵای عێراق چوونەتە ناو هۆڵەکانی فڕۆکەخانەوە.
هەندێ زانیاریی دیکە باس لە داخرانی ڕێگەی بەندەری “ئۆمولقەسر” و ئاڵۆزبوونی ناوچەی “شوعلە” لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا دەکەن.
هاوکات لە شاری کەربەلا و نەجەفیش خۆپیشاندەران هێرشیان کردووەتەوە سەر بینا حکوومییەکان و هەندێ خۆپیشاندەری دیکە دەروازە و سنووری نیوان کوێت و عێراقیان داخستووە.
هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە شارەکانی عێراق، ناوەندە ئەمنییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ پێشگیری و کۆنترۆڵی خۆپیشاندەران، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی (فەیسبووک و ئینستاگرام”یان ڕاگرتووە و ئەمەش بووەتە هۆی گرفت بۆ ناوەندەکانی ڕاگەیاندن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
