ژبهر شهرێ پەكەكێ و توركیا دوو گەشتیارێن عەرەب ل سنوورێ دهۆكێ هاتنه كوشتن
باسنيوز:
بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٢ی ٨ی ٢٠٢١، تەرمی دوو گەشتیاری عەرەب لە سنووری شاری زاخۆ لە پارێزگای دهۆك دۆزرایەوە كە لە ئەنجامی شەڕی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و توركیا كوژراون.
فەرهاد مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفا بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ئەو دوو كەسەی كوژراون، خەڵكی مووسڵن و ڕۆژی هەینی بە مەبەستی گەشتوگوزار هاتوونەتە سنووری شاری زاخۆ بەڵام دواتر ونبوون، ”ئەمڕۆ موختاری گوندی بانكێ ئاگاداری كردینەوە كە تەرمی دوو كەس لە نێو ئۆتۆمبێلێكدا دۆزراوەتەوە“.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە پاش لێكۆڵینەوە، دەركەوتووە ئەو دوو كەسە لە ئەنجامی شەڕی نێوان پەكەكە و توركیا كوژراون.
جەختیشی كردەوە كە كاتێك ناوچەكە تۆپباران كراوە، تۆپێكی توركیا بەر ئۆتۆمبێلی ئەو گەشتیارانە كەوتووە و بەم هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە، ”ئێستا چاوەڕوانی خێزانەكانیان دەكەین تاكوو بێن و تەرمی ئەو كەسانە وەربگرنەوە كە بۆ پزیشكی دادوەریی زاخۆ ڕەوانە كراون“.
ساڵەهای ساڵە خەڵكی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەو گەشتیارانەی دەچنە سەیرانگا سنوورییەكان، دەبنە قوربانیی شەڕ و پێكدادانی نێوان توركیا و پەكەكە. پێشتریش لە راپۆرتێكدا لێژنەیەكی تایبەت بە لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق جەختی كردبووەوە كە لە ئەنجامی شەڕی توركیا و پەكەكە، سەدان كەس بوونەتە قوربانی و زیانێكی زۆریش بەر موڵك و ماڵی هاووڵاتیانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتووە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
