ل ئيرانێ زهلام نابت ببنە پسپۆرێ ژنان و زارۆكبوونێ
رووداو-سلێمانی
لەپاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بڕیاردرا کە پسپۆڕیی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون تایبەت بکرێ بە خانمپزیشکەکانن و پیاوانی پزیشک چیدیکە بۆیان نەبێ ئەو پسپۆرییە بخوێنن.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی (عەرەبی جەدید) ی چاپی لەندەن، ژمارەی پزیشکانی پیاو کە پسپۆڕیی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوونیان هەیە، لە ئێران ئێجگار دەگمەنە و ئەو پیاوانەشی لەو بوارە کاردەکەن لە سەردەمی پێش شۆڕشی ئیسلامی ئەو پسپۆڕییەیان تەواوکردووە و ئێستا چوونەتە تەمەن، یاخود ئەوانەن کە لە دەرەوەی ئێران پسپۆڕییەکەیان خوێندووە و ئێستا گەڕاونەتەوە نێو وڵاتەکە.
وەک رۆژنامەکە باسیدەکات مەرزییە وەحید دەستگەردیی، وەزیری پێشووی تەندروستی ئێران (2009-2013)، رۆڵی هەبوو لە سەرنجراکێشانی پزیشکانی پیاوی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون کە بە رەگەز ئێرانی بوون و لە دەرەوەی وڵاتەکە کاریان دەکرد، بگەڕێنەوە نێو ئێران و خزمەتی هاووڵاتییانی خۆیان بکەن.
بەشێک لە خەڵکی ئێران بە گونجاوی دەزانن تەنیا خانمپزیشکان ببنە پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون، بەڵام بەشێکی دیکەیان بە باشی نازانن جیاکاریی رەگەزیی لەنێوان پیاوان و خانمان بکرێت لەکاتی داواکردنی خوێندنی پسپۆڕییە پزیشکییەکاندا، بە پسپۆڕیی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوونیشەوە.
رەخنەگران دەڵێن ئەم بڕیارەی دەسەڵاتدارانی ئێران وایکردووە ناوچە دوورە دەستەکانی وڵاتەکە لە پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون بێبەشبن، چونکە خانمپزیشکەکان زیاتر لەنێو شارەکان و نزیک لە شوێنی نیشتەجێبوونیان پزیشکییی دەکەن و نایانەوێ رووبکەنە ناوچە دوورەدەستەکان، بەڵام پیاوان ئامادەیی زیاتریان تێدایە بۆ ئەو کارە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
