رێنمایی دهربارەی چاوانيا هەلگرتنا دەرمانان
نهوا
شێوازی هەڵگرتن و پاراستنی دەرمانەكان كارێكی زۆر گرنگ و پێویستە، چونكە بە هەڵە هەڵگرتنی دەرمانەكان دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە تەندروستیمان.
ڕەشا نزار پزیشكی دەرمانساز، لەدیمانەیەكیدا لەگەڵ سایتی تەندروستی سلێمانی روونیدەكاتەوە پێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ دەرمانەكاندا بكرێت و پارێزگارییان لێ بكرێت و هەڵبگیرێت.
+ چۆن دەرمان هەڵبگرین؟
– پێویستە بەشێوەیەكی شیاو دەرمانەكان هەڵبگیرێت یان لەو شوێنانە هەڵبگیرێن كە شیاو بن، مەبەست لەشوێنی شیاو بریتییە لەوەی دوور بێت لەدەستی منداڵ نەك لەخۆیەوە بیخوات، هەروەها لەنێو پاكەت و قوتووی خۆی بپارێزرێت و دوور بێت لەگەرمی و بەركەوتنی تیشكی خۆر، لەگەڵ ئەوانەشدا نابێت لەگەرماو یان ناندین “مەتبەخ” و شوێنی شێداردا هەڵبگیرێت چونكە گەرما و شێداری دەبێتە هۆی تێكچوونی دەرمانەكان، ناشبێت سەری دەرمانەكان بەهەڵپچڕاوی بەجێ بهێڵدرێت چونكە ئەوەش هۆكارە بۆ شێداربوونی و خراپبوونی.
هەروەها پێویستە ئەو دەرمانانەی شلن پارێزراو بن لەوشكبوونیان، نابێت دەرمان لەبەفرگردا هەڵبگیرێت مەگەر بەڕێنمایی پزیشك نەبێت، نابێت بۆ ماوەیەكی درێژ دەرمان لەنێو ئۆتۆمبێل جێبهێڵدرێت ئەو دەرمانانەشی كە بەسەر چوون یانیش پێویستیتان پێی نەماوە نابێت هەڵبگیرێت.
+ ئەو دەرمانانەی لە رێگەی دەمەوە بەكار دەهێندرێن، چۆن بخورێن ؟
– بەشێوەیەكی گشتی واباشترە لەگەڵ خواردنی هەر دەرمانێكدا پەرداخێك ئاو بەدوایدا بخۆیت، هەروەها پێویستە رێنوێنییەكانی پزیشك بەهەند وەربگریت، چونكە هەندێك دەرمان پێویستە لە دوای نانخواردن و هەندێكیشیان بەگەدەی خاڵی بخۆیت.
هەركاتێكیش هەر جۆرە دەرمان و حەبێكت خوارد و هەستت كرد گرفتت لەكاتی خواردنیدا بۆ دروست دەكات، پێویستە پزیشكی شارەزا ئاگادار بكەیتەوە بۆئەوەی ئەوجۆرە دەرمانەت بۆ بگۆڕێت بەشێوەیەكی باشتر.
+ پێویستە قەترەی چاو چۆن بەكاربهێنرێت؟
– پێویستە بەر لەبەكارهێنانی قەترە، دەستەكانت جوان بشۆیت و پاشان لەسەر شوێنێكی گونجاو پاڵ بكەویت، بۆ ئەوەی چاوەكانت ڕوو لەئاسمان بكات، هەروەها گلێنەی چاوت بەرەو سەرەوەی سەرت بەرزبكەرەوەو قەتەرەكەی تێ بكە، پاشان چاوت دابخەو بۆماوەی خولەكێك یان دوو خوولەك مەیجووڵێنە و مەیكەرەوە.
پێویستە ئەوەی دەرمان بەكاردەهێنێت دەرمانەكانی خۆی بەكەسی تر نەدات، چونكە پزیشك لەسەر چۆنیەتی نەخۆشییەكەت دەرمانەكەی پێداوی و نابێت كەسیتر بەكاری بهێنێت نەك گرفتی تەندروستی بۆ دروست بكات.
+ دەكرێت دەرمانەكان بەتێكەڵی هەڵبگیرێن؟
– گرنگە بزانرێت هەندێك جۆری دەرمان هەن نابێت لەگەڵ دەرمانەكانی تردا هەڵبگیرێن، كاتێك پزیشك ئاگاداری كردیتەوە لەوەی ئەو جۆرە دەرمانە بەدوور بگریت لەدەرمانەكانی تر، ڕەچاوی ئامۆژگارییەكەی بكە، بۆ ئەوەی تووشی گرفت نەبیت.
+ پێویستە نەخۆش چۆن بە بەكارهێنانی دەرمانەكانییەوە پابەندبێت؟
– لە كاتی گەشتكردنتدا دەرمانەكانت لەبیر مەكەو ئەوەش لەبیر مەكە كە دەرمانی پێویستت پێبێت لەوكاتەدا بۆ ئەوەی دەرمانت لێنەبڕێت، هەروەها لەكاتی هەر پرسیارو گرفتێك لەدەرمانەكانت شەرم مەكەو پزیشكی دەرمانساز ئاگاداربكەوە، ئەوەش بۆ تۆ بەسوودەو لەهەڵە بەكارهێنانی دەرمان بەدوورت دەخاتەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
