شوکولاتە ب رۆنێ زەیتوونێ دژی نەخۆشیا دلى يه
رووداو-سلێمانی
توێژینەوەیەکی نوێی ئیتاڵی دەڵێ شوکولاتەی تۆخ (رەش) کە بە رۆنی زەیتوون ئامادەکرابێ، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن کەمدەکاتەوە.
توێژەرەکان لە زانکۆی بیزای ئیتاڵیاوە بوون و رۆژی 29 ی ئاب ئەنجامی توێژینەوەکەیان لە کۆنفرانسی ساڵانەی کۆمەڵەی ئەورووپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ بلاوکردەوە.
توێژینەوەکە لەسەر 26 خۆبەخش ئەنجامدراوە کە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی دڵ زۆر بووە، بەهۆی جگەرەکێشان و بەرزی ئاستی کۆلیسترۆڵی خوێن و هەبوونی نەخۆشی و حاڵەتی رێگەخۆشکەر بۆ نەخۆشی دڵ.
لە توێژینەوەکەدا بۆماوەی چوار هەفتە رۆژانە 40 گرام شوکولاتەی تۆخ بەو کەسانە درا کە تەنیا رۆنی زەیتوون لە ئامادەکردنی بەکارهاتبوو.
وەک بەشێک لە بەدواداجوونی باری تەندروستی دڵ و بۆڕییەکانی خوێنی بەشداربووان، پێوانەی گوشاری خوێن و پشکنینی میز و خوێنیان بۆ ئەنجامدرا.
توێژەران بۆیان دەرکەوت خواردنی شوکولاتەی تۆخی ئامادەکراو بە رۆنی زەیتوون، ئاستی رەقبوونی بۆڕییەکانی خوێنی بەشداربووانی کەمتر کردەوە.
بە گوتەی توێژەرەکان هەبوونی بڕێکی زۆر لە ماددەی دژەئۆکسێن لە شوکولاتەدا، هۆکاری ئەو کاریگەرییە دڵخوازەیەتی، بۆیە زیادکردنی ئەو خواردنانەی بە دژە ئۆکسێنەکان دەوڵەمەندن لە ژەمەکاندا، تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن کەمدەکاتەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
