گۆرانیی (شەڕی دونیا)ی ئاگرین دڵشاد خەڵاتی جۆن لینۆن 2022ی پێ بەخشرا
باسنيوز :
وەک یەکەمین بەرهەمی هونەری گۆرانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەزگای جۆن لینۆن کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە، خەڵاتی (جۆن لینۆن بۆ دانانی گۆرانی)ی لە ژانەری جیهانی، بەخشی بە گۆرانیی (شەڕی دونیا)ی هونەرمەندی كور ئاگرین دڵشاد کە یەکێکە لە بەرهەمەکانی ئەلبوومی (تێناگەی).
ئەم دەزگایە خەڵاتی ساڵانە دەبەخشێت بە دانەرانی گۆرانی لە 12 ژانەر لە سەرانسەری جیهاندا. بۆ ساڵی 2022 خەڵاتی باشترین دانانی گۆرانیی لە ژانەری جیهانی، بەخشی بە گۆرانییەكی كوردیی هونەرمەندی گەنجی كورد ئاگرین دڵشاد كە بە ناونیشانی (شەڕی دونیا)وەیە. هەروەها هەمان گۆرانی بوو بە بەربژێری خەڵاتی لینۆن بۆ (باشترین دانانی گۆرانیی ساڵ) لەناو هەموو ژانەرەکاندا، شایەنی باسە ئەمە یەکەمین جارە هونەرمەندێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم خەڵاتە بەدەست بهێنێت.
گۆرانیی (شەڕی دونیا) کە لە لایەن خودی هونەرمەند ئاگرین دڵشادەوە میلۆدیی بۆ دانراوە، تێکستەکەی لەلایەن هونەرمەند (هێمن حەمید) نووسراوە کە باس لە بێمانایی جەنگی مرۆڤ بەرامبەر مرۆڤ دەکات و هانی پێکەوەژیان دەدات. ئەم گۆرانیە یەکێکە لە بەرهەمەکانی ئەلبوومی (تێناگەی)ی هونەرمەندی ناوبراو کە لە ساڵی (2020) دا بڵاو کراوەتەوە و بەرهەمی (ڕیکۆردەکانی ڕاگرین)ە.
جۆن لینۆن هونەرمەندێکی بەرەگەز بەریتانی بووە و لە بواری گۆرانی و دانانی میلۆدیدا ناوبانگێکی گەورەی جیهانیی هەیە و ئەندامی گرووپی بەناوبانگی Beatles بوو، بۆ رێزگرتن لە بەرهەم و کارەکانی ئەو هونەرمەندە، دەزگاکە خەڵاتەکانی بە ناوی ئەو کردووە و لە ساڵی 1997ەوە دەستی بە کارەکانی کردووە.
لەبارەی خەڵاتەکەوە هونەرمەند ئاگرین دڵشاد گوتی: “گۆرانیی شەڕی دونیا، لەلای من بەرهەمێکی تایبەتە و هەڵقووڵاوی هەستکردنمە بە بەرپرسیاریەتیی مرۆڤ بەرامبەر بە چەمکی پێکەوەژیان، هەروەها هەڵقووڵاوی هەموو ئەو مەینەتییانەن کە جەنگ بەسەر ئێمە و سروشت و ژینگە و هەموو مرۆڤایەتیدا هێناویەتی.“
س.س
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی