شهریف سلێمان: خراپیی ڕەوشی سیاسیی عێراق کاریگەریی زۆر خراپ لەسەر ئاوارەکان دادەنێت
باسنيوز:
لە چاوپێکەوتنێکی (باسنیوز)دا، شەریف سلێمان، سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق، باسی کاریگەریی خراپیی ڕەوشی عێراق لەسەر دۆسیەی ئاوارەکان دەکات و دەڵێت، حکوومەتی عێراق هیچ بەرنامەیەکی بۆ ئاوارەکان نییە و بۆ مێژووی عێراق شەرم و عەیبە کە خەڵکی ئەم وڵاتە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارە بن و نەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان.
(باسنیوز) خراپیی ڕەوشی عێراق چ کاریگەرییەکی لەسەر ئاوارەکان داناوە؟
شهریف سلێمان: خراپیی ڕەوشی ئێستای عێراق کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر دۆسیەی ئاوارەکان داناوە و بۆ مێژووی عێراق شەرم و عەیبە کە خەڵکی ئەم وڵاتە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارە بن و نەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان، ڕەوشی ئاوارەکان بەرەو خراپی دەچێت و هیچ ئالیەتێک بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشی ئاوارەکان لەبەردەستی حکوومەتی عێراق نییە، ئێمە وەکوو لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق بەرنامەیەکی باشمان داوەتە حکوومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشی ئاوارەکان، بەڵام هیچ کاری لەسەر نەکراوە و ئێستا ئێمە چاوەڕێی حکوومەتی نوێی عێراقین تاکوو لە کاتی پێکهێنانی حکوومەتی نوێدا لە خاڵەکانی تەوافوقی نێوان لایەنە سیاسییەکان و کوتلەکاندا چارەسەرێک بۆ دۆسیەی ئاوارەکان دابنرێت کە ئێستا ئێمە کاری لەسەر دەکەین.
(باسنیوز) هەمووی ئەو ئاوارانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستانن خەڵکی عێراقن، بۆچی حکوومەتی بەغدا گرنگی بە ئێش و ئازاریان نادات؟
شهریف سلێمان: بەغدا ئاگای لە ئێش و ئازاری ئاوارەکانی شنگال نییە، بەر لە چەند ڕۆژێک لە کەمپی باجد کەنداڵ 22 خێوەتی ئاوارەکان سووتان، بەغدا هیچ خەمی لێ نەخوارد، هەتا کەی ئاوارەکان لەو ڕەوشە پەرێشانەدا بن، پێویستە چەند ڕێکەوتنێک بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشی شنگال بکرێت و ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراقدا هەیە بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال جێبەجێ بکرێت و هەموو ئاوارەکان خەڵکی عێراق و زۆرینەیان خەڵکی شنگال و سەر بە مووسڵن، ئەوە هەشت ساڵە ئاوارەن و هێشتا بەغدا نەیتوانیوە ئاسایش و ئارامی دابین بکات بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە.
(باسنیوز) بەرنامە و پلانی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران لە پەرلەمان بۆ باشکردنی ڕەوشی ئاوارەکان چییە؟
شهریف سلێمان: لیژنەی کۆچ و کۆچبەران بەرنامەیەکی باشی بۆ گەیاندنی پرۆژەی خزمەتگوزاری بە ئاوارەکانی ناو کەمپەکان هەیە، وەکوو دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و دروستکردنی ڕێگا بۆ کەمپەکان و هەروەها خەڵکی زەرەرمەند قەرەبوو بکرێنەوە، لەگەڵ ئەوەش ئێمە بەرنامەیەکمان داناوە و بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکانەوە بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان، بەڵام خراپیی ڕەوشی عێراق کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دۆسیەی ئاوارەکان داناوە، بەتایبەتی لە بواری ئاسایشدا، تاکوو ئاسایش بۆ دەڤەری شنگال نەگەڕێتەوە ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە، ئێمە بەرنامەیەکمان داوە بە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەن و ڕەوشی ئاوارەکان باش بێت.
(باسنیوز) باس لەوە دەکرێت کە ڕێکخراوەکان خۆیان لە کەمپی ئاوارەکان دەکێشنەوە، ئەمە چ مەترسییەکی لەسەر ژیانی ئاوارەکان دەبێت؟
شهریف سلێمان: ئەمە کێشەیە کە ڕێکخراوەکان بکشێنەوە، چونکە هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە، ڕێکخراوەکان لەناو کەمپەکان بکشێنەوە، لەبەر ئەوەی کە هێشتا ئاوارە ماون کە نەچوونەتەوە سەر ماڵی خۆیان، ئەوەش کاریگەریی زۆری لەسەر ئاوارەکان دەبێت، بۆیە ئێمە داوامان لە بەغدا کردووە ئەو کاتەی دەکشێنەوە جێی ڕێکخراوەکان پڕ بکرێتەوە، بەڵام هیچ وەڵامیان نەداوینەوە و ئەگەر حکوومەتی عێراق بیەوێت دەتوانێت لە ماوەی دوو مانگدا دۆسیەی ئاوارەکان چارەسەر بکات، بەڵام وا دیارە بەغدا ئەوەی ناوێت و هێشتا حکوومەتی عێراق دۆسیەی ئاوارەکان بە گرنگ نازانێت.
س.س
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی