کۆمیسیۆنا بلند يا هەڵبژارتنان ئامارا تۆمارا دهنگدهرێن ههرێما کوردستانێ بهلاڤ دكهت
K24 – هەولێر:
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دوا ئاماری نوێکردنەوەی تۆماری دهنگدهرانی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
رۆژی شەممە (19ـی ئابی 2023) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، تا رۆژی (18ـی ئەم مانگە) لە پارێزگای هەولێر لە کۆی 35 بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، 62 هەزار و 40 کەس زانیارییەکانیان نوێکردووتەوە، کە هەزار و 216 کەسیان لە ئاوارەکانن و ژمارەی لەدایکبووانی ساڵی 2005 کە بۆ یەکەمینجارە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن، بریتی بووە لە نۆ هەزار و 88 کەس.
هەروەها جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشکرد، لە پارێزگای دهۆک لە کۆی 41 بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، 28 هەزار و 584 کەس زانیارییەکانیان نوێکردووەتەوە و هەزار و 376 کەسیان لە ئاوارەکانن و لەدایکبووانی 2005یش ژمارەیان پێنج هەزار و 614 کەس بووە.
لەبارەی پارێزگای سلێمانیش، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە کۆی 79 بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، ژمارەی ئەو کەسانەی زانیارییەکانیان نوێکردووەتەوە، 61 هەزار و 650 کەس بووە کە 738 کەسیان لە ئاوارەکانن و لەدایکبووانی 2005ـیش ژمارەیان هەشت هەزار و 801 کەس بووە.
لەلایەن خۆیەوە عیماد جەمیل، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رێژەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە تەواوی پارێزگاکان گەیشتووەتە 74%.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 641 هەزار و 566 کەسە.
ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە (13ـی ئابی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوی فەرمی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی تا (12ـی ئەیلوولی 2023) درێژکردەوە.
رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، رۆژی (25ـی شوباتی 2024) دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات.
رۆژی (9ـی ئابی 2023) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا بە راسپاردنی ئیدارەی هەڵبژاردنەکان بۆ ئامادەکردنی خشتەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەو وادەیەی لە مەرسوومی هەرێمیدا دیاریکراوە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت کە لە ساڵی 2013 هەموارکراوەتەوە و پەرلەمانی کوردستان لە سەد کورسی گشتی و 11 کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیانەکان پێکهاتووە.
شێوازی هەڵبژاردن بەپێی ئەو یاسایە بە دەنگدانی نهێنی راستەوخۆ بەپێی سیستمی لیستی کراوەی سنووردار ئەنجام دەدرێت و هەر لیستێکی هەڵبژاردنیش نابێت رێژەی ئافرەتان لە کاندیدەکان لە 30% کەمتربێت و تەمەنی رێگەپێدراویش بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پەرلەمانی کوردستان 25 ساڵە.
هاوکات وابڕیارە لەڕۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگەلە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و لەو هەڵبژاردنەدا، 23 ملیۆن و 367 ههزار و 81 كهس مافی دهنگدانیان ههیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی دهنگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی