راوێژکارێ سوودانی: پەیوەندیێن هەولێر و بەغدا د ئاستهكێ زۆر باشدانه
K24 – لەندەن:
فەرهاد عەلائەددین، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایدەگەیەنێت، چەندین تێگەیشتن و رێککەوتن لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە. هاوکات گوتیشی: نییەتیش هەیە بۆ ئەوەی رێککەوتنی نێوان هەردوولا وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
فەرهاد عەلائەددین، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ زۆرێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەبوو کە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر نەبێت، ئەوەبوو لە عەممان کۆبوونەوەیەکی رێکخست لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دەوروبەر بەڵام عێراق بەشداری نەکرد لەو کۆبوونەوەیە، بۆیە بلینکن خۆی هات بۆ بەغدا و هەمان پەیامیشی بە بەرپرسانی عێراقدا کە نەهێڵن ئەو شەڕە فراوانتر ببێت.
لەبارەی تێڕوانینی عێراق لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، ئەو راوێژکارەی سوودانی ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی عێراق ئەو هێرشانە سەرکۆنە دەکات و لەهەمانکاتدا بەدوای ئەو کەسانەشدا دەگەڕێت کە دەیانەوەێت بەرژەوەندی عێراق بخەنە مەترسییەوە و، عێراق پەلکێشی ئەو شەڕە بکەن، کە ئەمەش کارێکی خراپە نابێت بکرێت.
ناوبراو گوتیشی: حکومەتی عێراقی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بڕیاری سیاسییان ئەوەیە کە هەرچی گرووپ هەیە دژی بەرژەوەندی عێراق کاردەکات، دەبێت نەهێڵدرێن و رێگرییان لێبکرێت.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، فەرهاد عەلائەددین، رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە ئاستێکی زۆر باشدایە، چەندین تێگەیشتن و رێککەوتن لەنێوانیان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت هەولێر و بەغدا بەزووترین کات کێشەکانی نێوانیان چارەسەربکەن، بەڵام چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستی بە کۆبوونەوە و گفتوگۆی زیاترە، ئومێد دەکەم بە زووترین کات بگەنە رێککەوتنێکی ریشەیی.
ئەو راوێژکارەی سوودانی، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لە ناوخۆی عێراق کراوە، نییەتیش هەیە بۆ ئەوەی رێککەوتنی نێوانیان وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی