دهستهیا وهبهرهێنانێ: 17% ێ یا وەبەرهێنەرێن هەرێما کوردستانێ بیانینه
K24 – هەولێر
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەرێنمایی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران، ئێمە یەکەیەکی تایبەتمان لە ناو دەستەی وەبەرهێنان دامەزراندووە، بەناوی “یەکەی راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی”ـی.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پانێڵی دووەم لە سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەراتییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: تاوەکو ئێستا فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پردێکی زۆر باش بووە لە نێوان کاری بزنس لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ جیهانی دەرەوە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتیشی: بەرێنمایی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران، ئێمە یەکەیەکی تایبەتمان لە ناو دەستە دامەزراندووە، بەناوی “یەکەی راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی”ی، هەروەها لە مانگی 6ـی ساڵی 2023 براندی کوردستانیش راگەیاندرا.
دەشڵێت: هەرێمی کوردستان ئەو ناوچەیەیە کە دەرفەتی وەبەرهێنانی باسنەکراوی هەیە، ئەمەش هەموو بۆ ئەوەیە، تاوەکو کوردستان لە دەرەوە سەرنج راکێشتر پیشان بدەین، بۆ ئەوەش زۆر پێویستمان بە نوێنەراتییەکان و فەرمانگەی دەرەوە دەبێت، کە دەتوانن رۆلێکی کاریگەر ببینن و هەروەها براندی کوردستان وەبەرهێنان بەباشی بناسێنن.
شوکری جەختی کردەوە، گرنگە نوێنەراتییەکان هاوکارمان بن بۆ ناساندنی ژوورەکانی بازرگانی و کۆمەڵەی وەبەرهێنەران لە وڵاتان، تاوەکو دەرفەتی کارکردنی وەبەرهێنانی بیانی لە کوردستان هەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئەمڕۆ لە تێکڕای هەموو مۆڵەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، لە 17%یان هی وەبەرهێنەرانی بیانین.
باسی لەوەشکرد، گرنگە ئێمە لە رێگەی نوێنەرایەتییەکان زیاتر بەشداری لە کۆنفڕانس و کۆڕبەندییە ئابووریەکانی جیهان بکەین، هەروەها لەچەند ساڵی رابردوودا، بە هاوکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و لایەنی پەیوەندار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەخشەیەکی گشتگیر بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دروست کراوە.
راشیگەیاند، بەپێی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرنجمان لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزارە، هەروەها حکومەت گرنگی بە کەرتەکانی دیکەش دەدات.
بەیانیی ئــەمــڕۆ یەکــشــەممە، 28-01-2024، کاتــژمێر 10:00، بـە ئامادەبوونی مەسرور بـارزانی، سەرۆکی حکـومەتی هەرێمی کوردستان، لـە هـەولێری پایتەخـت، سێیەمین کـۆنفرانسـی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی