كچهكا رزگاربوويا ئێزدی دبته چارەسەركارا دەروونی يا ئافرەتان
باسنيوز:
كچێكی كوردی ئێزدی، كە پێنج ساڵ لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدا بووە، و رەوشی دەروونیی تێكچووە، دوای رزگاربوونی، لە سەنتەری چارەسەری و پشتیوانیی كچان و ئافرەتان لە دهۆك چارەسەریی وەرگرتووە، ئێستا خۆی بووە بە چارەسەركار و لە هەمان سەنتەر چارەسەری ئەو كچ و ئافرەتانەی كوردی ئێزدی دەكات، كە هەمان چارەنووسیان هەبووە.
هویەدا، كچە كوردێكی ئێزدیی رزگاربووە، لە چاوپێكەوتنێكیدا بۆ (باسنیوز) گوتی: ”رۆژی 3ی 8ی 2014 لە شەنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعش دەستگیر كرام و لەگەڵ هەزاران كچ و ئافرەتی دیكەی دەستبەسەر بردنیانین بۆ ناو هۆڵی گەلاكسی لە مووسڵ، لەوێ دەست بە كڕین و فرۆشتنمان كرا، سەدان كچی ئێزدی لەو هۆڵە بردراین بۆ خانووێك، دواتر داعشەكان هەندێكیان لە مووسڵ هێشتینەوە و هەندێكیشیان بردن بۆ سووریا“.
گوتیشی: “بەردەوام 10 تا 15 چەكداری تیرۆریست دەهاتن و كچەكانیان بە ئارەزووی خۆیان هەڵدەبژارد، ئەگەر كچێك رازی نەبوایە، ناچاریان دەكرد لەگەڵیان بچێ، تەنانەت ئەو داعشانە وێنەی كچانیان دەگرت و بۆ یەكدییان دەنارد“. دەشڵێ: ”تیرۆریستێك منی برد بۆ تەلەعفەر بۆ ئاواییەكی نزیك سایلۆ، 21 كچی دیكەی ئێزدی لەوێ بوون، زۆر ناخۆشی و دەردەسەریمان لە دەستی ئەو تیرۆریستانەی داعشدا دیت، تا ئەو رۆژەی رزگار بووین“.
هویەدا راشیگەیاند: “دوای ئەوەی لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار بووم، چووم بۆ سەنتەری چارەسەری و پشتیوانیی كچان و ئافرەتان لە دهۆك و چارەسەریی دەروونیم وەرگرت، دوای وەرگرتنی چارەسەری، دەستم كرد بە هاوكاریكردن و پێشكەشكردنی رێنمایی و چارەسەری بۆ ئەو كچچ و ئافرەتانەی لەژێر دەستی تیرۆریستان رزگاریان دەبێ و دۆخی دەروونییان باش نییە”.
سەنتەری چارەسەری و پشتیوانیی كچان و ئافرەتان لە دهۆك سەر بە تەندروستیی دهۆكە و لە رێی پزیشكی بواری دەروونی و پزیشكی ئافرەتان زۆر خزمەتی پێشكەش بە رزگاربووانی دەستی داعش كردووە، هویەدا ئاماژەی بۆ ئەوە دەكات، كە ئێستا لەو سەنتەری چارەسەرییە بووە بە فەرمانبەر و پشتیوانی و چارەسەریی پێشكەش بە كچان و ئافرەتانی ئێزدی دەكات.
هوەیدا نەیشاردەوە، كە رەوشی دەروونیی ئەو كچ و ئافرەتانەی لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار دەكرێن زۆر نالەبارە و دەڵێ: ”من خۆم یەكێك بووم لەو كچانەی لە دەستی تیرۆریستان رزگارم بووە، باری دەروونیم زۆر تێكچوو بوو، بەڵام كە رزگاركرام، لە سەنتەری چارەسەری و پشتیوانیی كچان و ئافرەتان لە دهۆك زۆر خزمەت كرام، ئێستا خۆم لەو سەنتەرە خزمەتی كچان و ئافرەتانی رزگاربووی ئێزدی دەكەم“.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی