سەنتەرێ ڤهكۆلين و فێرکرنێ بۆ ساخلهميا ژنان هاته ڤهكرن
ZNA- هوەلێر
بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەنوێنەرایەتی وەزیری خوێندنی باڵا و نوێژینەوەی زانستی و، بەئامادەبونی نوێنەری وەزارەتی تەندرووستی و، سەرۆکی ژمارەیەک لە زانکۆکان و، نوێنەری بەشێک لە ڕێکخراوە پزیشکیەکانی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان و، ئەندامانی پاڕلەمانی کوردستان و، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی (٢٣/ ٥/ ٢٠١٧) لە ھۆڵی ھوتێل دیدمان لە شاری ھەوڵێر مەراسیمی کردنەوە و ناساندنی سێنتەری توێژینەوە و فێرکردن بۆ تەندروستی ژنانبەڕێوەچو.
مەراسیمەکە بەساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدان دەستیپێکرد دواتر چەند وتارێک پێشکەشکران، لەوبارەیەوە د.دارا میران سەرۆکی زانکۆی ھەولێری پزیشکی لە وتەیەکدا دوای بەخێرھێنانی میوانان ئاماژەی بەوەکرد، کە بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم سێنتەرە لە ئەنجامی گفتوگۆ و ڕاتەکانی مێشک لەگەڵ پەیمانگەی جیھانی بۆ مافەکانی تەندروستی و مرۆڤ لە زانکۆی نیویۆرک لە ئالبانی (بەپاڵپشتی گرانتی بچوک لەلایەن ڕێکخراوی ئایرێکس) ھاتۆتەکایەوە، کە یارمەتیدەربون لە ڕێنمایی و پاڵپشتی دامەزراندن و، دانانی پێکھاتە و ئامانجەکانی سێنتەرەکە.
ھەر بەو بۆنەیەوە د. کریم ساڵح عبدوڵ ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتاری د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خوێندەوە، لە وتارەکەیدا دوای پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە سەرۆکایەتی زانکۆی ھەولێری پزیشکی و ستافی ئەو زانکۆکە، وتی: لەم بارودۆخەدا ھەنگاو بۆ دامەزراندن و کردنەوەی ئەم جۆرە سێنتەرە دەنێن, وتیشی دابینکردنی ھەرخزمەتگوزاریەک بەتایبەتی خزمەتگوزاری تەندروستی لە ھەر وڵاتێک یان ھەرێمێک پێوەرێکی گرنگە بۆ خزمەتی ھاوڵاتی و مرۆڤ، د.کەریم ساڵح عەبدول ئەوەشی ڕونکردەوە کە لە دوای راپەڕین تەنھا یەک کۆلێژی پزیشکی گشتی لە ھەولێر ھەبو, بەڵام لەئێستادا (٣) کۆلێژی پزیشکی و، (٤) کۆلێژی پزیشکی ددان و، (٣) کۆلێژی دەرمانسازی و، (٤) کۆلێژی پەرستاری لە زانکۆکانی کوردستان بونیان، ئەوە جگە لە چەندین بەشی پزیشکی و تەندروستی دیکە لە زانکۆ و پەیمانگە تەکنیکیەکانی ھەرێمی کوردستان، ھاوشانی ئەوانیش بۆردی کوردستانی دامەزراوە و، بڕوانامەی بۆردی پزیشکی کوردستانی لە چەندین پسپۆڕی جیا و ھاوچەرخ بەخوازیارانی خوێندنی باڵا دەبەخشێت.
لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا، نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی : ھیچ بوارێکی ژیان و، ھیچ کەرتێک نیە پێویستی بەخوێندنی باڵا نەبێت, بۆیە کەرتی تەندروستیش پێویستی بەپسپۆڕان و شارەزایان و، زانایانی لێھاتوی زانکۆکان و خوێندنی باڵا ھەیە. د.کەریم ساڵح ئەوەشی خستەڕو، کە گرنگیدانی زیاتر بە توێژینەوەی زانستی لەھەرێمی کوردستان لە (١١/٥/٢٠١٧)بە پێکھێنانی (بۆردی نیشتمانی بۆ توێژینەوەی زانستی ) بڕیاری بۆ دەرچو، ڕونیشیکردەوە، کە ئەو بۆردە ئەرکێکی گەورەی دەکەوێتە ئەستۆ لە داڕشتن و دەستنیشانکردنی ئەو پرسانەی کە لەسەر ئاستی نیشتمانی و، پێویستیان بە توێژینەوەی زانستییە لە بوارە جیاکانی زانستی و پزیشکی و مرۆیی و کۆمەڵایەتی ھەیە, وتیشی دامەزراندن و کردنەوەی ئەم جۆرە سێنتەرە وەک سێنتەرێکی پسپۆڕ مایەی خۆشحالی و دەستخۆشیە کە کاریگەری لە بوارەکانی توێژینەوەی زانستی دەبێت, وتیشی پێویستە ھەماھەنگی لە نێوان پسپۆڕانی پزیشکی و کۆمەڵایەتی و دەرونزانی و لایەنە پەیوەندارەکان دروست بکات، کە ھەمویان کاریگەریان لەسەر ژیا ن و تەندروستی ژنان و کۆمەڵگاکەماندا ھەیە.
ھەر لە مەراسیمی کردنەوەی سێنتەرەکەدا، د . سەعدون ڕۆستەم بەنوێنەرایەتی وەزاراتی تەندروستی وتەیەکی پێشکەشکرد و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد کە لە دۆخێکی خراپی ئابوری و ئەمنی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا، کردنەوەی ئەم جۆرە سێنتەرە و ئەرکی بەڕێوەبردنی و کارکردن تیایدا ھیچی لە ئەرکی پیرۆزی برا پێشمەرگەکانمان کە لە بەرەی ڕوبەڕوبونەوەی دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆستی داعش کەمتر نیە, ھەروەک ھەمو جۆرە ھاوکاری و پاڵپشتیەکی وەزارەتی تەندروستی بۆ سێنتەرەکە خستەڕو .
لە کۆتایی مەراسیمی کردنەوەی سێنتەرەکەدا، د. حمدیە میرخان بەڕێوەبەری (سێنتەری توێژینەوە و فێرکردن بۆ تەندروستی ژنان) لەمیانی وتەکەیدا بەوردی مەبەست و ئامانجی سێنتەرەکەی بۆ ئامادەبوان خستەڕو وتی : دیدگای ئێمە بۆ سێنتەرەکە، دیدگایەکی ئاکادیمی پێشەنگە، بۆیە ئەم سێنتەرەکە تایبەت دەبێ بە بەکارھێنانی ستانداردەکانی بەرزی توێژینەوەو کاری فێرکردن لە بواری تەندروستی ژنان لە ناو زانکۆ و کۆمەڵگەدا, وتیشی پەیامی ئێمە بەرزکردنی تەندروستی ژنانە لە ڕێگەی پێشخستنی توێژینەوەی نایاب لەسەر ژنان و، بابەتەکانی نێرینە و مێینە، ھەروەک پەیوەستە بە تەندروستی بەپاڵپشتیکردنی تۆڕێک لە ئەندامانی دەستەی وانەبێژ لە پیشەی جیاوازەکان، کە لە ئارەزومەندان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و فێرکردن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
