یان کوبیش:ئهڤ ساله ھەرێما کوردستانێ دێ ریفراندۆمێ ئەنجام دهت
ZNA- هەولێر

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی بەرپرسانی کوردستان ڕایانگەیاندووە کۆتایی ئەمساڵ بە نیازی ڕیفراندۆمن.
لە دانیشتنی تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، یان کوبیش، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، ڕایگەیاند، کە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان ویستی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە.
کوبیش، لە وتەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان ویستی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کۆتایی ئەمساڵ ٢٠١٧ ڕاگەیاندووە تا ویستی خەڵک نیشانی دنیا بدەن و بەرپرسانی کەرکووکیش ڕایانگەیاندووە کە ئەوانیش دەیانەوێ بەشداریی ئەو ڕیفراندۆمە بکەن. ھەروەھا ئاماژەی بەوە کرد کە لەوانەیە دوای شەڕی داعش گرووپی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە ھەوڵ بدات چالاکیی تیرۆریستی ئەنجام بدات.
ناوبراو لە کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی دژە تیرۆر لە واشنتۆن لە مانگی ئاداردا،، جەختی کردەوە کە دەبێ ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لەسەر دوو ئاست کار بکات، یەکێکیان ئاستەنگ و گرفتە ھەنووکەییەکانە و دووەم گرفتەکانی دوای ڕزگارکردنی ناوچەکانی بندەستی داعش.
ھەروەھا وتی یاسای ئەنجوومەنی حەشدی شەعبیش دەبێ بە جۆرێک بێت نەبێتە ھۆی ورووژاندنی شەڕ و ئاژاوەی تاییفی. وتیشی: ژنان و گەنجان لە عێراقدا نیوەی پێکھاتەی دانیشتووان پێک دەھێنن نابێت لە پرۆسەی ئاشتەواییدا دوورەپەرێز بکرێن.
یان کوبیش، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا باسی ویست و خواستەکانی ئێزدی وکریستیانەکانی کرد ھەروەھا کۆبوونەوەی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ نوێنەرانی ئێزدی و کریستیانەکان و داخوازیی ئەوان بۆ ھاوکاریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پاراستنیان.
ھەروەھا، ئاماژەی بە پتەوی ھاوکاریی نێوان کوردستان و بەغدا و سوپای عێراق و پێشمەرگە کرد لە شەڕی دژ بە داعش و ھیوای خواست ئەو ئاستە ھەماھەنگییە بگوازرێتەوە بۆ بواری دیالۆگی سیاسیش.
وتیشی، نەبوونی دیالۆگ زۆر گرفتی دروست کردووە لەوانە جێبەجێنەکردنی مادەی ١٤٠ کە لەوانەیە لە ئایندەدا گرفت دروست بکات.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
