سالیادا سهرههلدانا شۆڕهشا ئەیلوولێ ههڤ دهمه لگەل ریفراندۆما سەربەخۆیا کوردستانێ
گولان
ئەمڕۆ 11ـی ئەیلوولی 2017، 56ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گەلی کوردستانی باشوورە، کە سەرکەوتوو بوو لە بەدیهێنانی ئامانجەکەی و هاوکاتیشە لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق.
رۆژی 11ـی ئەیلوولی 1961، گەلی کوردستانی باشوور، شۆڕشی ئەیلوولی لە دژی رژێمی عێراق و بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان، هەڵگیرساند.
مستەفا بارزانی، باوکی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان، رابەرایەتیی شۆڕشەکەی دەکرد و توانی خەڵکی کوردستان بە هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکانەوە لە دەوری شۆڕش کۆ بکاتەوە.
مستەفا بارزانی لە ساڵی 1946 سوپاسالاری کۆماری کوردستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. دوای رووخانی رژێمەکە بە پیلانگێڕیی چەند دەوڵەتێک، مستەفا بارزانی و هێزی پێشمەرگەی باشووری کوردستان، کە ببوونە هێزی چەکداری کۆمار و لەژێر فەرمانی پێشەوا قازی محەمەد، یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان بوون، بە پەڕینەوە لە رووباری ئاراس، ئاوارەی رووسیا بوون.
دوای ئەوەی عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی 1958 کودەتای سەربازی لە عێراق کرد و رژێمی حوکمڕانیی پاشایەتی لە عێراق بۆ رژێمی کۆماری گۆڕی، بەڵێنی پێدانی مافەکانی بە گەلی کوردستان دا و داوای لە مستەفا بارزانی کرد بگەڕێتەوە، بەڵام دوای نزیکەی سێ ساڵ، عەبدولکەریم قاسم و رژێمەکەی لە پێدانی مافەکان بە گەلی کوردستان پەشیمان بوونەوە.
بەهۆی پەشیمان بوونەوەی رژێمی عێراق لە بەڵێنەکانی، مستەفا بارزانی دەست پێ کردنی شۆڕشی ئەیلوولی لە دژی رژێم و ئەوکاتی حکوومەتی عێراق راگەیاند.
شۆڕشی ئەیلوول توانی بە نۆ ساڵ چۆک بە رژێمی عێراقدا بێنێت و ناچاری بکات دان بە مافەکانی گەلی کوردستان بنێ، بەمەش ئامانجی شۆڕشەکە، کە حوکمی زاتی بوو بۆ کوردستان بەدی هات و سەرکەوتوو بوو.
لە رۆژی 11ـی ئاداری 1970، شۆڕشی کوردستانی باشوور و رژێمی عێراق رێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد، کە تێیدا دان بە مافە سیاسی، ئابووری و رۆشنبیرییەکانی گەلی کوردستان هات و سیستەمی حوکمی زاتی (خۆڕێبەریی لە چوارچێوەی عێراق) بۆ کوردستان دامەزرا.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
