بەشار کیکی: رێيا مووسل و هەرێما کوردستانێ دێ ئێته ڤهكرن
رووداو- هەولێر
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت: “زیاتر لە 80% -ی لای راستی موسڵ کە بە موسڵی کۆن ناسراوە وێرانبووە، ئاوەدانکردنەوەیش هێشتا دەستیپێنەکردووە”. گوتیشی: “لەپەیوەندیداین لەگەڵ هەریمی کوردستان تاوەکو رێگاکانی نێوان موسڵ و هەرێمی کوردستان بەتەواوی بکرێتەوە و ئاسانکاری لە بازگەکەندا بکرێت”.
بەشار کیکی ، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ، لە میانەی بەشداریی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: “ماوەی هەشت مانگە لە گەڕەکێکی لای چەپی شاری موسڵ کاری خۆمان دەکەین و تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەن ، پارێزگار و ستافی ئیداریی پارێزگاکە گەڕاونەتەوە سەر کارەکانی خۆیان”.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەبارەی دۆخی لای راستی موسڵ گوتی: “زیاتر لە 80% -ی لای راستی موسڵ کە بە موسڵی کۆن ناسراوە وێرانبووە ، ئاوارەکانیش ناتوانن بەشێوەیەکی باش بگەڕێنەوە ، لەهەندێ شوێن هێشتا مەترسی تەقەمەنی هەیە و بەتەواوەتی پاک نەکراونەتەوە”.
لەبارەی ئەوەی ئامارێکیان لەبەردەستە چەند کەس لە موسڵ بوونەتە داعش ، بەشار کیکی گوتی: “ئامارێکی ورد لەبەردەست نییە بەڵام بە سەرووی 10 هەزار کەس دەخەمڵێندرێن ، زیاتر لە 2 هەزار داعش کوژراون و ئەوانەی دیکە بەهەر هۆکارێک لەبەرچاو نین و زانیاریمان لەسەر چارەنووسیان نییە ، بەڵام لە ناو شاری موسڵ و لە گوند و قەزا و ناحیەکان خانوو هەیە کە چۆڵە بەهۆی ئەوەی خاوەنی خانووەکە داعش بووە و لە موسڵ هەڵهاتوون و نەماون”.
دەستی ئاوەدانی تاکوێی موسڵ گەیشتووە؟
بەشار کیکی لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی موسڵ گوتی: “ئاوەدانی بەمانای بونیاتنانەوە هێشتا لە موسڵ دەستیپێنەکردووە ، رەنگە لە مانگی دوو یان سێی ساڵی 2018 کۆنگرەیەکی گەورە ببەسترێت لە کوەیت بۆ ئەوەی بڕە پارەی پێویست دابینبکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق”.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی: “عێراق تاوەکو ئێستا بەشێوەی رێکخراو پلانی نییە بۆ ئاوەدانکردنەوەی موسڵ ، ئەوەی دەیدات کۆمەڵێک شتی کەمە و تەنانەت ئەوەش بەشێوەیەکی رێکخراو دابەش ناکرێت. تەنیا لە هەندێ ناوچەی دەشتی نەینەوا و ناوچەی مەسیحییەکان هەندێ کار کراوە ، ئەویش بەهۆی پشتیوانی بیانییەوە”.
بەگوتەی بەشار کیکی ، هاتووچۆ لەنێوان هەرێنی کوردستان و موسڵ بووەتە کێشەیەک بۆ دانیشتووانی ئەو پارێزگایە و ئاستەنگێک بۆ ئاوەدانکردنەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی: “ئەوە کێشەیەکی زۆر گەورەیە و زۆریش گرینگە ، ئەمڕۆ لە میحوەری ناوەران ، بەنداوی موسڵ و تلسقۆف لەگەڵ عەبدولخالق بابیری ، بەرپرسی ئەو میحوەرە کۆبوومەوە بەڵینیدا کە لەم رۆژانەدا رێگای نێوان موسڵ و دهۆک بکرێتەوە ، ئەوە زۆر گرینگە بۆ هەرێم زیاتر لە موسڵ هەم بۆ دهۆک و هەم بۆ هەولێریش”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی