ل شنگال حه‌شدا شه‌عبی مه‌زارگه‌هێن شیعا دروست دكت
باسنيوز:
له سنووری قه‌زای شنگالدا، حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستی به دروستكردنی مه‌زارگه‌یه‌كی شیعه به ناوی (سەیدە زه‌ینه‌ب) كردووه. به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری ئێزدی له دهۆكیش دەڵێ پتر له 60 مه‌زارگه‌ی ئێزدیان له لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه ته‌قێندراونه‌ته‌وه، كه‌چی هێشتا به‌غدا هاوكاریی ئێزدیانی نه‌كردووه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی یه‌كێك له‌و شه‌ست مه‌زارگه‌یه.
شێخ عیدان كالۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری ئێزدی له پارێزگای دهۆك، كه سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كاروباری ئێزدییه له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ (باس)ی روون كرده‌وه: “به‌ر له‌وه‌ی مه‌زارگه‌كانی ئێزدی له شنگال دووباره ئاوه‌دان بكرێنه‌وه، شه‌ست مه‌زارگه‌ی ئێزدیان خاپوور كرابوون و ته‌قێندرابوونه‌وه، کەچی حه‌شدی شه‌عبی له‌بری ئه‌وه‌ی رێ خۆش بكات و مه‌زارگه‌ی ئێزدیان ئاوه‌دان بكاته‌وه هه‌تا خه‌ڵكی شنگال بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدی خۆیان و بۆ به‌جێگه‌یاندنی رێوڕه‌سمی ئایینیی خۆیان، ده‌بینین حه‌شدی شه‌عبی له چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی شیعاندن و عه‌ره‌باندنی ده‌ڤه‌ری شنگال، ده‌ستی به دروستكردنی مه‌زارگه‌ی (ست زه‌ینه‌ب) بۆ شیعه‌كان كردووه.
ئه‌و روونیشی كرده‌وه: “حكوومه‌تی عیراق پشتیوانیی دارایی له شیعه كردووه بۆ دروستكردنی مه‌زارگه‌ی سەیدە زه‌ینه‌ب له شنگال، كه‌چی چه‌ندین جار ئێمه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی مه‌زارگه‌كانی ئێزدیان داوای یارمه‌تیمان له به‌غدا كردووه، هیچیان بۆ ئێمه نه‌كردووه.”
وه‌ك ئه‌و ئاشكرای كرد، هه‌رچه‌نده به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاروباری ئێزدیان له به‌غداش هه‌یه، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وان ئاگایان لێ نه‌بووه كه حكوومه‌تی عیراق گوژمه پاره‌یه‌ك بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی مه‌زارگه‌كانی ئێزدی ته‌رخان كردبێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری ئێزدیان له پارێزگای دهۆك گوتیشی: “له هه‌ندێك ده‌ڤه‌ری وه‌ك باشیك و به‌حزانی و كۆمه‌ڵگه‌ی باپیری، خێرخواز و كه‌سایه‌تیی ئێزدی هاوكارییان پێشكه‌ش كردووه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی مه‌زارگه‌ی ئێزدیان له‌و دەڤه‌رانه‌دا. ساڵی داهاتووش وا بڕیارە حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوكاریمان بكات بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌زارگانه‌ی كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه ته‌قێندراونه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه ده‌پرسین، حه‌شدی شه‌عبی بۆچی مه‌زارگه‌ی شیعه له شنگال دروست ده‌كات و هی ئێزدیان ئاوه‌دان ناكاته‌وه؟.”
خه‌لیل شڤان به‌رپرسی راگه‌یاندن له فه‌رمانده‌یی شنگال سه‌ر به پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئەوە خسته روو: “یه‌كه‌مین هه‌نگاوی حه‌شدی شه‌عبی له شنگال ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی مه‌زارگه‌یه بۆ شیعه، كه به مه‌زارگه‌ی سەیدە زه‌ینه‌ب ده‌ستی پێ كردووه. ئه‌و مه‌زارگه‌یه له ئابی ساڵی 2014دا له لایه‌ن داعشه‌وه خاپوور كرابوو، كاتێك حه‌شدی شه‌عبی هاته شنگال، یه‌كه‌مین كاریان ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌زارگه‌یه بوو، كه ئێستا نۆژه‌ن كراوه‌ته‌وه.”
ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، كه حه‌شدی شه‌عبی كار بۆ شیعاندن (ته‌شیوع)ی قه‌زای شنگال ده‌كات و ده‌ستی بەو پرۆسەیە كردووه. هه‌ر له ده‌سپێكدا مه‌زارگه‌ی شیعه‌ی دروست كرد. ئه‌م پیلانه‌ش به سه‌رپه‌رشتیی (ئه‌بوو عزراییل) یه‌كێ له سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی جێبه‌جێ ده‌كرێت.
خه‌لیل شڤان ئاشكرای كرد، سەیدە زه‌ینه‌ب مه‌زارگه‌یه‌كی پیرۆزه له لای شیعه، بێ له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌زارگه‌یه، ئێستا حه‌شدی شه‌عبی خه‌ریكی دروستكردنی حسەینییەیەکە له شنگال.
ئه‌و هه‌روه‌ها روونی كرده‌وه: “حه‌شدی شه‌عبی پیلانێكی زۆر مه‌ترسیداری له شنگال هه‌یه، ئه‌گه‌ر بوار بۆ ئه‌و ئێزدیانه‌ی له شنگال ماونه‌ته‌وه هه‌بێت، ئه‌وا هه‌موویان كۆچ ده‌كه‌ن و روو له پارێزگای دهۆك ده‌كه‌ن، ئه‌ویش له‌به‌ر ره‌فتار و مه‌ترسیی حه‌شدی شه‌عبی له‌ناو سه‌نته‌ری شنگال.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
