شبكة لالش الاعلامية

عێراق؛ وه‌لاتێ قوربانیێن بێ ناسنامە و تەرمێن بێ سه‌روشوونه‌ 

عێراق؛ وه‌لاتێ قوربانیێن بێ ناسنامە و تەرمێن بێ سه‌روشوونه‌ 
رووداو – هەولێر

هێشتا سەتان هەزار تەرم لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا ماون، هەزاران تەرمیش كە لە گۆڕەكان دەرهێنراون، ناسینەوەیان كارێكی ئاسان نییە. كارمەندان و ستافی مەیتخانەی بەغدا ئێسك بە ئێسك و پارچە بە پارچەی لەشی دۆزراوەكان دەپشكنن بۆ ئەوەی سەرەداوێكیان لەبارەی ناسنامەی قوربانییەكان دەستبكەوێ و دڵنیاییەك بۆ خێزانی قوربانییەكان بگەڕێننەوە.

وەكو لە راپۆرتێكی رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جوناڵ)ی ئەمریكیدا دەردەكەوێ، وڵاتێك كە دەیان هەزار زیندەبەچاڵكراوی جەنگە یەك لەدوای یەكەكانی هەیە، تەنیا 25 كەسی هەیە لە بواری دەرهێنانی تەرمدا مەشقیان كردبێ، جیا لەمەش تاقیگەكانی دەستنیشانكردنی (دی ئێن ئەی) شوێنی پێویستیان نییە بۆ وەرگرتنی تەرمی زیاتر.

عەلی هیشام، كارمەندێكی مەیتخانەی بەغدا بە رۆژنامەكە دەڵێت: “هەندێكجار ناتوانین هیچ تەرمێك وەربگرین، چونكە هیچ شوێنێكمان نییە لێی دابنێین”. بەشێك لە ستافی دەرهێنانی تەرمەكانیش بەهۆی مامەڵەكردن لەگەڵ تەرمی كۆن تووشی نەخۆشیی پێست یان باری دەروونیی ناخۆش هاتوون.

دۆزینەوەی تەرمەكان كێشەیەكی دیكەی حكومەتی عێراقە. ژمارەیەكی زۆر لە تەرمەكان لەناو چاڵی قووڵ و مەترسیداردان، بۆیەش دەرهێنانەوەی تەرمەكان سەختە، یەكێك لەوانە چاڵێكی سروشتییە لە باشووری مووسڵ كە ناوی خەفسەیە و گومان دەكرێ داعش سەتان تەرمی تێهاویشتبێ. لە هەندێك حاڵەتیشدا گۆڕە بەكۆمەڵەكان لەو شوێنانەن كە داعش تێیاندا وەكو مەترسییەكی نووستوو ماوە، حاڵەتیش هەیە كە ئەو ناوچانەی تەرمەكانیان تێدایە لە بۆمبی چێنراو پاك نەكراونەتەوە.

شارەزایان دەڵێن هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و دەستنیشانكردنی ناسنامەی قوربانیان بەشێكی سەرەكییە لە ساڕێژكردنی برینی چەند ساڵەی شەڕ، هاوكات تاقیكردنەوەیەكیشە بۆ دەزگا ئەمنی و دادوەرییەكانی عێراق كە تاوەكو چەندە دەتوانن لاپەڕەی چەندین دەیە شەڕ و پێكدادانی نێوخۆیی لە عێراق دابخەن.
كێڤین سولیڤان، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی خەڵكە شوێنبزرەكان (ICMP) لە لێدوانێكدا بۆ (وۆڵ ستریت جورناڵ) دەڵێت، ناكرێ چاوەڕێ سەقامگیری بكەیت، ئەگەر ژمارەیەكی زۆر خەڵكت هەبێ كە هیچ حیسابێكیان بۆ نەكراوە، چونكە لە زۆر وڵات شوێنبزرەكان رێگر بوون لەوەی لە قۆناغی دوای شەڕدا چارەسەرییەك دابنرێ”.

حكومەتی عێراق تاوەكو ئێستاش ژمارەیەكی وردی خەڵكە شوێنبزرەكانی نییە. بەپێی ئامارەكانی (ICMP) لە پێش هێرشەكانی داعش، ژمارەی شوێنبزرەكانی عێراق لە نێوان 250 هەزار بۆ یەك ملیۆن كەس بووە كە زۆرینەیان لە سەردەمی رژێمی بەعسدا دیار نەمابوون.

تاوەكو ئێستا عێراق 300 گۆڕی بە كۆمەڵی دەستنیشان كردووە كە بەشێكیان مێژووەكەیان بۆ پێش هێرشەكانی داعش دەگەڕێتەوە. بە گوتەی ناجیحە شەممەری، بەرپرسی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق، دوو لەسەر سێی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە هەڵدراونەتەوە و تەرمی 5 هەزار كەسیان تێدایە. شەممەری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە “چاوەڕێ دەكەین تەرمی زیاتر بدۆزینەوە”.

ناسینەوەی ناسنامەی تەرمەكان بەپێی پاشماوەی ئێسكی تەرمەكان كارێكی ئاڵۆز نییە، بەڵام ئەوەی كارەكەی لە حكومەتی عێراق قورس كردووە، ئەوەیە ئێسكی مردووەكان لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا تێكەڵ بوون. هەر ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی جیاكردنەوەی تەرمەكان و دیاریكردنی وردی ناسنامەی تەرمەكانی ناو یەك گۆڕی بە كۆمەڵ چەند مانگی بوێت. ژمارەیەك لە شارەزایان هۆشداری دەدەن كە تەواوكردنی پرۆسەكە رەنگە ساڵانێكی زۆر بەرێت.

زیاد یوسف، بەرپرسی مەیتخانەی بەغدا، بە رۆژنامە ئەمریكییەكەی گوتووە “ئێمە باسی ژمارەیەكی زۆری تەرم دەكەین، سەرچاوەكانی بەردەستیشمان ئەوەندە سنووردارن رێگەمان پێنادەن لە یەك كاتدا كار لەسەر هەموو كەیسەكان بكەین”.

كاری تیمەكانی زیاد تەنیا دۆزینەوەی تەرم یان ئێسكی مردووەكان نییە، بەڵكو پێشتر دەبێ داتابەیسێك دروست بكەن كە تێیدا زانیاری و وردەكاریی بایۆلۆژی هەموو مردووەكانی تێدا دابنرێ، هەروەها دەبێ نموونەی (دی ئێن ئەی) لەو كەسانە وەربگیرێ كە باسی شوێنبزربوونی خزم و كەسی خۆیان دەكەن.

هەموو ئەو پرۆسەیە كات و ستافێكی زۆری دەوێ، بۆیەش زیا كەریم، سەرپەرشتیاری هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان، دەڵێت “كات لە قازانجی ئێمە نییە، چونكە هەرچی كات تێدەپەڕێت كاری ئێمەش سەختتر دەبێ”.

عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی خاوەنی زۆرترین خەڵكی شوێنبزر و تەرمی نەناسراوە. دوای بیست ساڵ لە تەواوبوونی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، تاوەكو ئێستاش گۆڕی بە كۆمەڵی سەربازی عێراقی و ئێرانی دەدۆزرێنەوە، بەمدواییە لە گۆڕێكی بە كۆمەڵدا پاشماوەی 85 ئێرانی و 10 عێراقی دۆزراونەتەوە. دوای كەمتر لە یەك ساڵ رووخانی خەلافەتی داعش لە عێراق، چارەنووسی دەیان هەزار تەرمی ناو گۆڕە بەكۆمەڵەكان و شارە ئازادكراوەكان بەنادیاری ماوەتەوە. لە دۆخی ئابووری و ئەمنیی ئێستای عێراقیشدا چاوەڕێ ناكرێ حكومەتی عێراق كارێكی ئەتۆی بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی هەموو تەرمەكان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەدەست بێت.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

فراكسیۆنێن كوردستانى ب 7 خالا بودجا 2018 ره‌تدكن

Lalish Duhok

پارتی: نابیت کەرکووک ببتە پارێزگەھا سەربخوە

Lalish Duhok

ئامانج عەبدولا: کۆچا پەنابەران دێ به‌روڤاژى بت

Lalish Duhok