گهۆرينان دناڤ وەزارەتا پێشمەرگەى و یەكێن 70 و 80 دەست پێ كر
رووداو-هەولێر
جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند گۆڕانكاری لە پۆستەكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە و یەكەكانی 70و 80 كە زیاتر لە 60پۆست دەگرێتەوە دەستیپێكردووە.
لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گۆڕانكاری لە پۆستەكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە و یەكەكانی 70 و 80 دەستیپێكردووە، هەندێ پۆست لەناو وەزارەت گۆڕانكاریی تێدا دەكرێت، هەندێكی دیكە لە یەكەكانی70و 80وە دێنە ناو وەزارەت و هەندێكی دیكەش بەپێچەوانەوە لە وەزارەتەوە دەچنە ناو یەكەكانی 70 و 80 لەوێ پۆست وەردەگرن”.
جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەشكرد، ئەو پۆستانەی گۆڕانكارییان تێدا دەكرێت زیاتر لە 60پۆست دەبن، لەبارەی هۆكارەكەشی گوتی “هەندێ لە گۆڕانكارییەكان پەیوەندی بەوە هەیە پلەی ئەفسەرەكە لەگەڵ پۆستەكەی ناگونجێ، بەنموونە پلەیەكی بەرزی هەیە، بەڵام پۆستەكەی بەو جۆرە نییە، هەندێكی دیكە لەو ئەفسەرانە ماوەیەكی زۆرە لەو پۆستانەدا ماونەتەوە و پێویستە بگۆڕدرێن، هەروەها دەگونجێ بەشێك لەوانە شایستەی ئەو پۆستە نەبووبن، بۆیە بڕیاری گۆڕانكاری دراوە”.
ئەو گۆڕانكارییانەی وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی رێككەوتنێك كراوە لە نێوان یەكەكانی 80ی پارتی و یەكەكانی70ی یەكێتی. ئەو هەڵمەتی گۆڕانكاری و چاكسازییە لە وەزارەتی پێشمەرگە لەكاتێكدایە پێشتر هێزەكانی هاوپەیمانان لە 30 خاڵ پرۆژەیەكیان پێشكەشی هەرێمی كوردستان كرد، تاوەکو هێزێكی سیستەماتیكی پێشمەرگە دروست بكەن و بە تەواوی رێكیان بخەن و پڕ چەك و مەشقیان پێ بكەن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
