هۆشداری دەربارەی چەندین کارەساتێن مهزن يێن ژینگەهێ و ساخلهميێ دئێته دان
رووداو-سلێمانی
لە سی ساڵی داهاتوودا شارەکانی جیهان رووبەڕوودەبن لەگەڵ مەترسییەکی زۆری تاوسەندنی گەرما، لافاوی کەناراوەکان، پچڕانی وزەی کارەبا و کەمبونەوەی خواردن و ئاوی خواردنەوە، ئەگەر سیاسەتێکی کارا نەگیرێتەبەر بۆ رێگرتن لە پەنگخواردنەوەی گەرما و کاربۆن لە بەرگەهەوای زەویدا، ئەوەش بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ.
ئێستا 200 ملیۆن کەس لە 350 شاری جیهاندا 3 مانگی ساڵ لە گەرمای سەروو 35 پلەی سەدی دەژین، ئەوە بەپێی توێژینەوەکە کە لەلایەن رێکخراوی C40 ئەنجامدراوە، کە تۆڕی پێکەوە کارکردنی شارە گەورەکانی جیهانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
توێژەران دەڵێن تاوەکوو ساڵی 2050 ژمارەی ئەو کەسانەی گەرما و لێکەوتەکانی پەرێشانیان دەکات دەگاتە 1.6 ملیار کەس لە 970 شاری جیهاندا.
ئەوان هەروەها دەڵێن ژمارەی ئەو کەسانەی هەژاری و گەرمای نائاسایی تەنگیان پێهەڵدەچنن و کەرەستەی فێنکبوونەوەیان چنگناکەوێ، دە هێندەی ئیستا زیاتر دەکات.
هۆشداریشیان داوە کە نابێ وڵاتان هەروا دەستەوسانبن لە هەمبەر گەرمبوونی هەوای شارەکان. دڵنیاییشیانداوە کە شارەکان ئەگەر بیانەوێ و لێببڕێن، دەتوانن بە پلانی تایبەتیی خۆیان رێگە لە مەترسییەکانی گەرمبوونی ژینگە بگرن لەسەر شارەکانیان.
وەک نموونەیەک بۆ بەخۆکەوتنی شارەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسی گەرما، ئاماژە بەوە کراوە کە لە نێوەندی شاری سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور، شەقامێکی سەرەکی کوێرکراوەتەوە و رێگا لە بەردەم رووبارێکدا کراوەتەوە بۆ نێو شارەکە و بەوەش تێکڕای پلەی گەرما نیو پلەی سەدی دابەزیوە.
هەر لە شاری سیئۆل 16 ملیۆن درەخت روێنراون و ناوچەی بە سێبەر داپۆشراوی گەورە کراونەتەوە بۆ ئەو کەسانەی کەرەستەی فێنککەرەوەی پێویست شکنابەن.
وشکەساڵی و کەمئاویی زیاتر
توێژینەوەکە پێشبینیکردووە وشکەساڵی و کەمئاویی بەرۆکی زیاتر لە 650 ملیۆن کەس بگرن لە 500 گەورەشاری جیهان کە لەنێویاندا ساوپاولۆ و تاران هەن.
ئێستا لە ئەمریکا بە تێکڕا هەرکەسێک 300 لیتر ئاو بەکاردەهێنێ. بەڵام چەندین گەورەشاری ئەمریکی و جیهانی چیدی توانای دابینکردنی ئەو بڕەیان نییە. لۆس ئەنجلس بە ئاستەم توانای دابینکردنی 200 لیتر بۆ هەر کەسێکی هەیە، مێلبۆڕنی دووەم گەورەشاری ئوسترالیاش بە سەختی توانای هەیە رۆژانە 155 لیتر بۆ هەر هاوشارییەکی دابینبکات و شاری کەیپتاونی باشووری ئەفریقاش بە ئاستەم دەتوانێ بڕی ئاوی رۆژانە بۆ تاکەکەس بگەیێنێتە 50 لیتر.
شارەداری کەیپتاون بە پلانە تایبەتەکانی خۆی خواستی خەڵکی بۆ ئاو کەمکردووەتەوە، ئەو دەڵێ دەبێ لە ئێستاوە دەستبەکاربین، کە قەیران هات ئیدی درەنگ دەبێ دەست بە چارەسەر بکەین.
لافاو و پچڕانی کارەبا
بەهۆی توانەوەی سەهۆڵبەندانی جەمسەرەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان، ساڵی 2050 زیاتر لە 800 ملیۆن دانیشتووی 570 شاری کەنار دەریا، دەکەونە بەر مەترسیی لافاو و ژێرئاوکەوتنی شارەکانیان.
ئەو شارانە هەروەها لە مەترسی پچڕانی کارەبا و لەکارکەوتنی وێستگەکەکانی کارەبا دەبن و ئەوەش کار لە هەموو رووەکانی ژیان دەکات تێیاندا، هەر لە هۆکارەکانی گواستنەوە تاوەکوو نەخۆشخانەکان و کەرەستەکانی فێنککردنەوە و گەرمکردنەوە. لە نموونەی ئەو شارانەش ئاماژە کراوە بە لەندەن و ریۆ دی جانیرۆ.
توێژەران دەڵین مەترسییەکانی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لەوە زووتر دێن کە چاوەڕوانی دەکەین. بەوەی پێشووتر چاوەڕواندەکراساڵی 2100 ئاستی ئاوی دەریاکان مەترێک بەرزببێتەوە، کەچی ئیستا پێشبینیدەکرێ ساڵی 2070 ئەوە رووبدات.
ساڵی رابردوو زۆرترین زیانی تۆمارکراوی ئابووری لە جیهان کەوتووەتەوە بەهۆی تێکچوونی کەشوو هەواوە لە مێژوودا.
هەروەک هەریەک لە لێکەوتەکانی تێکچوونی کەشوهەوا چەندین گرفتی دیکە بەدوای خۆیدا دێنێ، هەر لە پچڕانی رێگاوبان تاکو بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و داخراونی قوتابخانەکان و درووستبوونی کەموکورتی لە بەرهەمە کشتوکاڵی و خۆراکییەکان.
بۆیە داوا لە شارەکانی جیهان کراوە پلانی فرەتیم و پرۆفێشناڵ دابنێن بۆ بەرگرتن بەم مەترسییانەی لە داهاتوو بەرۆکی مرۆڤایەتی دەگرن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
