شبكة لالش الاعلامية

10 هەزار كەس ل كوردستانێ ب روودانێن هاتن و چۆنێ مرينه‌

10 هەزار كەس ل كوردستانێ ب روودانێن هاتن و چۆنێ مرينه‌
رووداو – هەولێر

دوای ئەوەی چەند هاوڕێیەكی هونەر تاهیری شانۆكار، بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لەسەر رێگای نێوان هەولێر-كۆیە، دەمرن، ئەو بە چالاكییەكی هونەری ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێ‌ كە قوڕپێوانە بۆ خراپیی حاڵی رێگاوبانەكانی كوردستان.

هونەر تاهیر بە (رووداو)ی گوت: “قوڕپێوان لەكوردەواریدا واتە ئەوپەڕی بێهیوابوون، ئەوپەڕی دڵتەنگی و ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر شتێك. منیش لەداخی خراپیی ئەو رێگایە و مردنی رۆژانەی شوفێر و هاووڵاتیان، بە سەتڵ قوڕاوم بەخۆمدا كرد، ناڕەزایەتییەك بوو بەرامبەر حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار كە ئاوڕێك لەو رێگایە بدەنەوە و چیدیكە خەڵك نەبنە قوربانی”.

حكومەتی هەرێمی كوردستان دان بەوەدا دەنێت كە رێگاوبانەكان بەكەڵكی ئەوە نایەن رۆژانە دەیان هەزار ئۆتۆمبێل هاتوچۆی بەسەردا بكەن، بە تایبەتی رێگای نێوان شارەكان. زۆربوونی ئۆتۆمبێل و خراپیی رێگاوبانەكان بوونەتە هۆی ئەوەی رۆژ بەڕۆژ ژمارەی قوربانیانی رووداوی هاتوچۆ روو لە هەڵكشان بكات.

رێگایەكی ئەنەلۆگ

دوای رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر و داخستنی رێگای هەولێر – پردێ، لۆدێكی زۆر كەوتووەتە سەر رێگەی كۆیە كە یەك سایدە، ئەمەش رووداوەكانی هاتوچۆی زۆر زیاد كردووە. عەقید زاهیر محەممەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی كۆیە دەڵێت: “داخستنی رێگەی هەولێر – پردێ لۆدێكی زۆری خستووەتە سەر رێگەی نێوان هەولێر – كۆیە، چونكە ئێستا رێگای كۆیە – تەقتەق و كۆیە- دێگەڵە بوونەتە رێگای سەرەكی هاتوچۆی هاووڵاتیانی كەركووك و سلێمانی بۆ هەولێر.

بە گوتەی عەقید زاهیر: “دوای داخستنی رێگەی نێوان پردێ – هەولێر. رووداوەكان لە رێگەی كۆیە 80% زیادیان كردووە. ساڵی 2017 تەنیا 15 كەس بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆ بوونە قوربانی، بەڵام ئەمساڵ 115 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە و بەهۆیەوە 170 كەس بریندار بوون و 10 كەسیش گیانیان لەدەستداوە”.

رێگای نێوان هەولێر كۆیە كە یەكسایدە، درێژییەكەی نزیكەی 60 كیلۆمەترە. پێشتر حكومەت بڕیاری دابوو رێگاكە بكاتە دوو ساید، كە بەپێی دیزاینی رێگاكە، ماوەی رێگای نێوان هەولێر و كۆیە بۆ 40 كیلۆمەتر كەم دەبووەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن لە پرۆژەكە وەستاوە.

رائید فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر پێیوایە رێگای نێوان هەولێر – كۆیە رێگایەكی سەربازییە و ناكرێت بە رێگایەكی ئاسایی دابنرێ و دەڵێت: “لەوانەیە بۆ بەیەكگەیاندنی شارێك و قەزایەك ئاسایی بێت، بەڵام كاتێك كە وڵاتێك و وڵاتێك بەیەك بگەیەنێت ئاسایی نییە، ئێستا ئەو رێگەیە عێراق و توركیا بەیەك دەگەیەنێت و سەرجەم ئەو كاڵایانەی دەچنە ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەو رێگەیەوە دەڕوات، واتە بووەتە رێگایەكی نێودەوڵەتی، بەڵام بە مواسەفاتێكی ئەنەلۆگ”.

گوتیشی: “پێشتر رۆژانە 500 بۆ 1000 ئۆتۆمبێلی پێدا تێدەپەڕی، بەڵام ئێستا تاوەكو پێنج هەزار ئۆتۆمبێلیشی پێدا تێدەپەڕێ”.

چارەنووسی ماستەرپلان

ساڵی 2010 حكومەت ماستەرپلانێكی لە رێگەی كۆمپانیای دارولهەندەسە بۆ دووسایدكردنی هەموو رێگە سەرەكییەكان ئامادەكرد بۆ ماوەی 20 ساڵ، واتە تاوەكو ساڵی 2030، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە حكومەت نەیتوانی ماستەرپلانەكە جێبەجێ‌ بكات.

زانا مستەفا عوزێری، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بە (رووداو)ی گوت: “تاوەكو ساڵی 2013 توانیمان 94 پڕۆژە ریزبەند بكەین و كۆدی بدەینێ بە گوژمەی دوو ترلیۆن و 256 ملیار و 439 ملیۆن دینار، لەوانەش 8 پڕۆژە تەواوبوون، 22 پڕۆژە تەواوبوون و كۆتایی بە گرێبەستەكە هاتووە، بەڵام تەسفیەی دارایی نەكراوە، 15 پڕۆژەش كاركردن تێیاندا بەردەوامە، هەروەها 32 پڕۆژەش وەستاون، خەرجی بۆ ئەم پڕۆژانەش یەك ترلیۆن و 364 ملیار و 529 ملیۆن بووە و نزیكەی 50%ـی پارەی ئەم پڕۆژانە خەرجكراوە، نیوەكەی دیكەشی ماوە”.

بەپێی ماستەرپلانەكە دەبووایە تاوەكو 2022، نزیكەی 1000 كیلۆمەتر لە رێگاكانی كوردستان بكرێنە دوو ساید، بەڵام عوزێری دەڵێت “تا ئێستا تەنیا 150 كیلۆمەتر كراوەتە دوو ساید و 156 كیلۆمەتریش چووەتە بواری جێبەجێكرنەوە و تەواو نەبووە، دەبوو تاوەكو ساڵی 2015، 3000 كیلۆمەترمان تەواوكردبایە و 300 كیلۆمەتری دیكەشمان لە پلاندابووایە، هەروەها تاوەكو ساڵی 2019، 700 كیلۆمەترمان تەواوكردبایە و تاوەكو ساڵی 2022، 1000 كیلۆمەتر دووسایدمان تەواو كردبایە”.

وەك زانا عوزێری ئاماژەی بۆ كرد، ئەوان هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆئەوەی رێگاوبانەكان باشتر بكەن، ئەو گوتی “94 پڕۆژەمان داوەتە بەڵێندەر، جگە لەوانەی تەواوبوون، حكومەت پارەیەكی زۆری بەڵێندەرەكانی دیكە قەرزدارە، بۆ نموونە لە تونێلەكەی زاخۆ، 50 ملیار دینار قەرزداری بەڵێندەر بووین، بەمدواییە هەندێك پارەمان داوەتێ، هەروەها 12 ملیار دینار قەرزداری پڕۆژەی كۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیلین”.

سەبارەت بە ستانداردبوونی رێگاوبانەكانی هەرێمی كوردستان، زانا عوزێری دەڵێت: “هیچ رێگایەكی كوردستان كە تەواو بووبێت بەپێی ستانداری جیهانی نییە، بەڵام بە تەواوبوونی رێگای كۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل كە 90%ی كارەكانی تەواو بووە، هەروەها رێگای دوكان – دەربەندیخانیش ئەگەر تەواو بكرێت بە ستانداردی جیهانی دەبن”.

جیاكردنەوەی رێگای ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر

گرفتی سەرەكی رێگاوبانەكانی كوردستان ئەوەیە كە رۆژانە ژمارەیەكی زۆر بارهەڵگر بەسەریدا دەڕۆن، بارهەڵگرەكان جگە لەوەی رێگاكان تێكدەدەن، قەرەباڵغییەكی زۆریشیان دروست كردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دەڵێت: “قەپانمان هەیە و پارە لەو بارهەڵگرانە وەردەگرین و دەیدەینە وەزارەتی دارایی. 40%ی ئەو پارەیە بۆ چاككردنەوەی رێگاوبانەكانە، بەردەوامیش كار لە رێگاوبانەكاندا دەكرێت، بەڵام رێگاكان زوو خراپ دەبن، بۆیە بەو داهاتە پێڕاناگەین هەموویان چاكبكەینەوە، رۆژ نییە 10 كەشفی بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی رێگاوبان نەگاتە دەستم”.

لەبارەی جیاكردنەوەی رێگای ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ئۆتۆمبێلی بچووك، زانا عوزێری دەڵێت :”دەتوانین رێگوبانەكان فراوانتر بكەین، بەڵام جیاكردنەوەی رێگای ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ئۆتۆمبێلی دیكە لەم بارودۆخەدا زەحمەتە و ناكرێت”.

10 هەزار كەس بە رووداوی هاتوچۆ مردوون

رووداوەكانی هاتوچۆ كە لە هەرێمی كوردستان بە دووەمین هۆكاری مردن دادەنرێن، ساڵ لەدوای ساڵ زیاد دەكات، بەجۆرێك بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان لەماوەی 15 ساڵدا زیاتر لە 10 هەزار كەس بە (رووداو)ی هاتوچۆ مردوون، زیاتر لە 10 هەزار كەسی دیكەش برینداربوون، نزیكەی 400 كەسیش كەمئەندام بوون.

لە پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵیشدا 1577 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە، بەم هۆیەشەوە 235 كەس مردوون، 2508 كەسیش بریندار بوون.

رێگاوبانەكان بدرێنە كەرتی تایبەت

ئاماری هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، تا كۆتایی ساڵی 2017 لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن و 469 هەزار ئۆتۆمبێل هەبووە، جگە لە ژمارەی ئۆتۆمبێلە سەربازییەكان كە ئامارەكەی هاتوچۆدا حیساب نەكراون.

بەڕێوەبەری هاتوچۆی كۆیە لەڕێگەی رووداوەوە پێشنیاز دەكات كە پڕۆژەكانی رێگاوبان بدرێنە كەرتی تایبەت. عەقید زاهیر گوتی :”لەبەرئەوەی زۆربەی پڕۆژەكانی رێگاوبان وەستاون، دەبێ‌ حكومەت ستراتیژی كاركردنی بۆ رێگاوبانەكان بگۆڕێت و پڕۆژەكانی رێگاوبان بداتە كەرتی تایبەت، لە بەرامبەر چاككردنی رێگەوبان و هاتوچۆ لەسەر رێگاكان پارە لە شوفێران وەربگیرێ، كە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان و حكومەتیشە، چونكە هیچ قورساییەكی ئابووری لەسەر حكومەت دروست نابێت. بۆ هاووڵاتیانیش رووداوی هاتوچۆ كەمتر دەبێ‌ و شوفێران زووتر دەگەنە جێی مەبەست”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

پارێزگارێ دهۆكێ ب گوژمێ (1,563,000,000) پرۆژه‌ ل قه‌زا شێخان ره‌وانه‌ى بجیهئینانێ كرن

Lalish Duhok

ل دوو رۆژێن بۆرى دا زێده‌تر ژ ٨ ھەزار کەسێن دى ل مووسلێ ئاوارە بوون

Lalish Duhok

ده‌زگه‌هێ خێرخوازییێ بارزانى دێ ژماره‌كا زارۆكێن كوردستانێ بۆ چاره‌سه‌رییێ ره‌وانه‌ ئه‌لمانیا كه‌ت

Lalish Duhok