ئەمریکا:مه هیچ پرۆگرامهكێ تایبەت بۆ ڤهگۆهاستنا پێشمەرگەيێن بریندار بۆ دەرڤەی کوردستانێ نينه
خەندان 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هیچ پرۆگرامێکی تایبەتیان بە گواستنەوەی پێشمەرگە بریندارەکان بۆ دەرەوەی کوردستان نییە، بەڵام لەچوارچێوەی لێكتێگەیشتنەكەیان لەگەڵ هەرێم هاوکارییەكی دارایی پێشكەش بە پێشمەرگە دەكەن كە یارمەتیی کورتخایەن لە کەرەستەی پزیشکی، خۆراک، هاوکاریی دارایی مانگانە و یارمەتییەکانی دیکە لەخۆدەگرێت.
ئەلیزابێس ترودۆ، بەرێوەبەری ئۆفیسی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا (9ی ئاب/8) لە وەڵامی پرسیارێکدا – کە سەبارەت بە بوون یاخود ویستی دامەزراندنی پرۆگرامێکی تایبەت بە رەوانەکردنی پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕی داعش بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە کاتی نەبوونی چارەسەری پێویست لەناو هەرێمدا – ئاڕاستەیکرا، رایگەیاند کە هیچ پرۆگرامێکی تایبەتیان بە گواستنەوەی پێشمەرگە بریندارەکان بۆ دەرەوەی کوردستان نییە.
وتیشی “ئێمە هاوکارییەکی گەورەی پێشمەرگە دەکەین، لەناویشیاندا پێداویستی و کەرەستەی پزیشکی زۆر پێویست هەن، بەڵام سەرنج دەدەم کە هیچ پرۆگرامێکی تایبەتمان بۆ گواستنەوەی پێشمەرگە بریندارەکان بۆ دەرەوەی کوردستان نییە”.
ئەلیزابێس ترودۆ لە وەڵامی ئەوەی کە – لەگەڵ نزیکبوونەوەی شەڕی موسڵدا ئایا ئەمریکا تاووتوێی فراوانکردنی سنوری پرۆگرامەکانی دەکات تاکو ئەم پێداویستییە دیاریکراوەش بگرێتەوە [مەبەست لێی رەوانەکردنی پێشمەرگە بریندارەکانە بۆ دەرەوەی هەرێم] ؟ – ئاماژەی بەوەكرد، هیچ پرۆگرامێکی نوێی لەو بارەیەوە لەبەردەستدا نییە تاکو رایبگەیەنێت. “هەروەک چەندینجار لێرەوە وتوومانە، ئێمە زۆر ئاگاداری گرنگیی پێشمەرگەین لەم شەڕەدا و بەهەمانشێوە زۆر ئاگاداری ئەو یارمەتیانەین کە دۆخەکە دەیخوازێت”.
لە هاوینی رابردوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و حکومەتی عیراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان کەرەستە و پێداویستیی بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە بریندارەکان پێ گەیشت، لە ناویاندا 150 ئۆتۆمبێل، کە تیایاندا ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن (ئەمبوڵانس) هەبوون”.
بەرێوەبەری ئۆفیسی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، کە لە 11ی تەموزی رابردوودا، بە پەسەندکردنی تەواو لەلایەن حکومەتی عیراقەوە، ئاشتۆن کارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا گەیشتنە هەنگاوی کۆتایی بۆ واژۆکردنی “یاداشتێکی لێکتێگەیشتن”، کە بەهۆیەوە 415 ملیۆن دۆلار پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێت.
“ئەم هاوکارییە داراییە … یارمەتیی کورتخایەن لە کەرەستەی پزیشکی، خۆراک، هاوکاریی دارایی مانگانە (ستیپێند) و یارمەتییەکانی دیکە لەخۆدەگرێت”، ئەلیزابێس ترودۆ وایوت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
