نێچیرڤان بارزانی و وەزیرێ بەرگریێ بریتانیا کۆمبوون
ZNA- هەولێر
ئەمڕۆ “نێچیرڤان بارزانی” سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە “مایکل فالۆن” وەزیری بەرگریی بەریتانیا و شاندێکی دیپلۆماسی و سەربازیی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و سوپاسی خەڵک و حکوومەت و پێشمەرگەی کوردستانیان کرد کە توانیویانە بوێرانە بەرگریی لە ھەموو پێکھاتەکانی خەڵکی کوردستان و بنەما و پرەنسیپەکانی مرۆڤایەتی بکەن و ھێرش و پلانەکانی تیرۆرستان شکست پێ بھێنن. باسیشیان لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکرنەوەی شاری مووسڵ لە دەستی تیرۆر کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە پێشمەرگە دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەری لەو ئۆپەراسیۆنانەدا ھەبێت بە ھەماھەنگیی حکوومەتی عێراقی فیدرال و ھاوپەیمانان. بە پێویستیشیان زانی کە لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە گفتوگۆی چڕ بۆ قۆناغی دوای ئازادکرنەوەی شاری مووسڵ و پاراستنی ھەموو پێکھاتەکانی ئەو ناوچانە ئەنجام بدرێت.
شاندی میوان ئاماژەیان بەوەش دا کە بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە مەشق و ڕاھێنان و ناردنی ھاوکاریی سەربازی بۆ پێشمەرگە و لەمبارەیەشەوە ھەماھەنگییەکی تەواو لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی بەریتانیادا ھەیە، ھەروەھا ئاشکرایانکرد کە ئەوان دەزانن بەھۆی ھاتنی ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بۆ ھەرێمی کوردستان، بارگرانییەکی زۆر بۆ حکوومەتی ھەرێم دروست بووە و پێشبینیش دەکرێت لە کاتی ئازادکرنەوەی شاری مووسڵ دا ئەو ژمارەیە زۆر زیاتر ببێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئاگاداری ئەم پرسەیە، بۆیە ئەوان ھەوڵ دەدەن لەم ڕووەوە ھاوکار بن.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و حکوومەتی بەریتانیای کرد کە درێغی نەکردووە لە ھاوکاریکردنی پێشمەرگە و سوپاسی بەردەوامیی ناردنی شاندی ئاست بەرزی بەریتانی بۆ ھەرێمی کوردستان کرد و خوازیاری ئەوە بوو بەریتانیا ڕۆڵێکی بەرچاو لە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان ببینێت بە مەبەستی داڕشتنی پلانی قۆناغی دوای ئازادکردنەوەی شاری مووسڵ لە تیرۆرستانی داعش و پاراستنی سەر و ماڵی ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەش دا کە لەم دواییەدا پەیوەندییەکی باشتر و تۆکمەتر لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەبووە و چەندین کۆبوونەوەی ئاست بەرزی سەربازی لەنێوان ھەردوولادا ھەبووە بە مەبەستی داڕشتنی پلانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکرنەوەی شاری مووسڵ بە ھەماھەنگیی ھاوپەیمانان. جەختی لەوەش کردەوە کە ھەرچەندە لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ھاوکاریی ئاوارەکان کراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکرنەوەی شاری مووسڵ ژمارەیەکی زۆرتری خەڵکی سڤیل ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگاداری ئەمە بێت و ھەنگاوی زیاتر بۆ ھاوکاریکردنی ئاوارەکان بھاوێژێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە پەوەندییە دێرین و پتەوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوە لە بەریتانیا چاوەڕێ دەکەن لە ھەموو ڕوویەکەوە ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکات بە تایبەت کە ئێستا ھەرێم ڕووبەڕووی ژمارەیەک قەیران بووەتەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
