پەرلەمانێ عێراقێ گفتوگۆ ل سەر كۆمەلهكا پرۆژە یاسايان دكت
رووداو ـ هەولێر
رۆژی پێنجشەممە 22-9-2016، پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر كۆمەڵێك پڕۆژە یاسا دەكات، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 21-9-2016 ماونەتەوە.
ئەردەلان نوردەین، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە كۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر كۆمەڵێك پڕۆژە دەكات، بەتایبەتی ئەو پڕۆژانەی لە كۆبوونەوەی دوێنێ ماونەتەوە، چونكە رۆژی چوارشەممە 12 پڕۆژەی هەبوون بۆ گفتوگۆكردن، بەڵام تەنیا گفتوگۆ لەسەر پێنج پڕۆژە كرا”.
سەبارەت بە بابەتی گەنمی جووتیاران ئەردەلان گوتی “لیژنەی كشتوكاڵ پڕۆژەیەكی پێشكەشكردووە بۆ ئەوەی بابەتی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت، دواتر بزانین ئاخۆ بڕیارێك لەسەر ئەو بابەتەی دەردەچێت یان وەزیری بازرگانی بانگهێشت دەكرێت، پێشبینیش دەكەم ئەمجارە رێكارەكانی پەرلەمان لەبەرامبەر وەزیرانی كشتوكاڵ و بازرگانی زۆر تووندتر دەبن”.
بەپێی بەیاننامەی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق “لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای كارگێڕی دارایی و هەمواركردنەوەی یەكەم بۆ یاسای ژمارە 26ی ساڵی 2015ی تۆڕی میدیایی عێراق دەكات، لەگەڵ گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژە یاسای بەخشینی كۆمپانیا بیانییەكان لە باجەكانی رێپێدان و یاسای دەستەی وزەی ئەتۆمی عێراق و كۆمەڵێك بابەتی دیكە.”
دوای تەواوبوونی دەنگدان لەسەر سەندنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق و 2 پڕۆژەی یاسای دیكە، پەرلەمانی عێراق دانیشتنی رۆژی چوارشەممە 21-9-2016 ی بۆ رۆژی پێنجشەممە 22/9 دواخست.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
