قوباد تالەبانی: مووچەخۆران دلنیا دكەین
رووداو – كۆیە
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی مووچە، مووچەخۆر و فەرمانبەران دڵنیادەكاتەوە و رایدەگەیێنێت “ئەركمان باشكردنی بژێوی خەڵكە و پلانمان ئەوەیە دەربازبین و ژیانی خەڵكی كوردستان ئاسایی بێتەوە”
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، رۆژی چوارشەممە 21-9-2016 بە یاوەری نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر و جەلال كەریم، بریكاری وەزیری ناوخۆ سەردانی قەزای كۆیەی كرد و ژمارەیەك دیدار و كۆبوونەوەی ئەنجامدان.
تاڵەبانی لەكاتی كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەر و بەرپرسانی شارەوانی كۆیە و گوێگرتن لە داواكاری و گرفتەكانیان رایگەیاند “سەرباری هەموو گرفت و تەگەرەكان، حكومەت بەردەوام دەبێت لە پرۆسە چاكسازییەكان و ئەركی ئێمە باشتركردنی ژیانی خەڵكە”.
لەبارەی مووچە، بەپێی رۆژنامەی كوردستانی نوێی زمانحاڵی یەكێتی، قوباد تاڵەبانی لەو كۆبوونەوەیەدا رایگەیاندووە “لە نیگەرانییەكانی مووچەخۆران تێدەگەین و مافی خۆیانە نیگەران بن بەرامبەر حكومەتەكەیان و نەدانی شایستە داراییەكانیان، بەڵام دڵنیایان دەكەینەوە پلانمان ئەوەیە دەربازبین و ژیانی خەڵكی كوردستان ئاسایی بێتەوە لەڕووی ئابووری و سیاسیشەوە”.
لەبارەی كار و چالاكییەكانی حكومەتیش رایگەیاندووە “سەرباری هەموو گرفت و تەگەرەكانی بەردەم حكومەت و دامودەزگاكانی، هەر بەردەوام بووین و دەبین لەپێناو خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و دروشم و ئەركیشمان باشكردنی بژێوی خەڵكە”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
