شانا راگەهاندنا سەربازی يا پرۆسا رزگارکرنا مووسل پێک ھات
هەولێر-KDP.info-![]()
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، شانەیەکی ڕاگەیاندنی سەربازی بۆ پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ بە ئامادەبوونی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق و نوێنەری ھاوپەیمانان پێک ھاتووە.
عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “لە کۆبوونەوەی ١٩ی مانگدا شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و نوێنەری ھاوپەیمانان بڕیاری دروستکردنی شانەیەکی ڕاگەیاندن درا و ئینجا لە وەزارەتی بەرگریی عێراق بە ھەماھەنگی وەزارەتەکانی دیکە ئەو شانەیە دروست کرا و، پاشان ھاتنە لای ئێمە بۆ ئەوەی ئێمەش دروستی بکەین و، ھەر ئەو ڕۆژە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی یەکەی حەفتا و ھەشتا، وەزارەتی ناوخۆ، زێرەڤانی و بەرگری و فریاکەوتن شانەیەکی ڕاگەیاندن بۆ پرۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵ دروست کرا، کە خۆم سەرپەرشتیی ئەو شانەیە دەکەم؛ جا ئەوە دەبێتە سەرچاوەی ڕاگەیاندنی سەربازی تا هەموو ڕاگەیێندراوێکی سەربازی و لێدوان و ڕووماڵێک ڕێک بخات.”
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی، ھەموو لێدوان و پەیاننامەیەکی فەرمیی دەربارەی پرۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵ لەو شانەیە وەردەگیرێت، پێویستە بە شێوەیەکی ھاوسەنگ ھەموو پێکهاتەکانی بەشدار لە شەڕی مووسڵ پارێزراو بێت و غەدر لە ھیچیان نەکرێت.
عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) ڕوونیشی کردەوە، ئەم لیژنەیە بڕیاری بۆ دەرچووە و، ھەماھەنگ دەبێت لەگەڵ لیژنەکەی بەغدا و ھاوپەیمانانیش، بۆ شەڕی ئازادکردنی مووسڵ.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
